کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسر ڕەزازی بۆ کوردستان: ئەگەر وریا نەبین وەک چۆن لە تورکیە مێلۆدی کوردییەکانمان کراونە تورکی، لە ئێرانیش وامان بەسەر دێت

17:47 - 30 سەرماوەز 2723

ڕۆژنامەی کوردستان، زمانحاڵی فەرمیی حیزبی دێموکرات لە نوێترین ژمارەی خۆیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣٠ی سەرماوەز بڵاو کرایەوە، دیامەنەیەکی لەگەڵ هونەرمەند ناسر ڕەزازی پێک هێناوە.

ناسر ڕەزازی لەم دیمانەیەدا، وێڕای ئاماژەیەکی کورت بە مێژووی مۆسیقی لە شاری سنە، سەبارەت بەوەی کە بەپێی چ پێوەرێک سنە لەلایەن یونێسکۆوە وەکوو شاری داهێنانی مۆسیقا ناسراوە، باس لە بندەستەبوونی کورد لە ئێراندا دەکات و دەڵێ: ئەگەر وریا نەبین وەک چۆن لە تورکیە مێلۆدی کوردییەکانمان کراونە تورکی، لە ئێرانیش وامان بەسەر دێت.

ناسر ڕەزازی لە بەشێک لەم دیمانەیەدا، بندەستیی کورد، نەخوێندنی کورد بە زمانەکەی خۆی و نەبوونی ئازادی و دێموکراسی و زۆر شتی دیکە لە باری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی  وەکوو ڕێگر بۆ کار و چالاکیی کورد وەکوو  میللەتێکی ئازاد ناو دەبات.

ناسر ڕەزازی، پێی وایە  ئەم جۆرە هەڵبژاردنانە دەرفەتیان بۆ گەشەی هونەری و مۆسیقا ڕەسەنی کوردی نەڕيخساندووە و وتوویەتی: پێم وانییە کۆماری ئیسلامی ڕێگە بدا یارمەتییەک بگاتە هونەرمەندانی کورد بۆ پێشخستنی مۆسیقای کوردی.

ناسر ڕەزازی لەم دیمانەیەدا سەبارەت بە گوشارە بەردەوامەکانی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان دەلێ: پرسی ژن، ژیان، ئازادی کە دنیای داگرت سەرچاوەکەی کوردستانە. گرینگ ئەوەیە دەبێ میللەتی کورد یەکگرتوو بێ و بزانێ چی ئەکات بۆ وەدستهێنانی ئەو مافانە. بەتایبەت حیزبەکان چوونکە میللەتی کورد یەکگرتووە و ئەوە حیزبەکانن کە دەبێ بیر لە یەکگرتوویی نێوانیان بکەن.