کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پاڵپشتی سەرەکیی حوسییەکانە

10:51 - 13 سەرماوەز 2723

سێنتکام لە ڕاگەیەندراوێکدا، چوار هێرشی بۆ سەر کەشتییه بازرگانییەکان له ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دەریای سووردا پشتڕاست کردەوە.

سێنتکام، ڕایگەیاند کە ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی سەرماوەز چوار مووشەکی باڵیستیک لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانیان لێ دەکات هاوێژراون و سێ کەشتیی بازرگانی لە دەریای سووردا بوونەتە  ئامانج، هەروەها کەشتییەکی شەڕکەری ئەمریکیش بۆ بەرگریکردن لە خۆی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستووەتە خوارەوە.

سێنتکام چەند کاتژمێرێک دوای ئەو هێرشە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" بڵاوی کردەوە کە ئێمە بەپێی بەڵگەگەلێکی زۆر لەسەر ئەو باوەڕەین ئەو هێرشانەی کە حووسییەکان دەیکەن ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ڕوو دەدەن و ئەو ڕێژیمە پشتیوانییان لێ دەکات.

لەم پێوەندییەدا پاتریک ڕایدر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا وتی: لەسەر ئەو هێرشانە دەبێ ئێمە لێپرسینەوە لە ئێران بکەین چونکە لە ڕاستیدا ئێران پشتگیریان دەکات.

هەروەها فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی هێرشەکان هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بازرگانی نێودەوڵەتی و ئاسایشی دەریایین، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمریکا بە هاواهەنگیی تەواو لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیدا هەموو وڵامە گونجاوەکان لەبەرچاو دەگرێت.