کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەناردەکردنی شۆڕشەوە هەتا لێواری داڕمان

13:44 - 1 بەفرانبار 2723

عومەر باڵەکی

٤٥ ساڵ لەوە پێش، کاتێک گەلانی ئێران مێژووی ڕێژیمی پاشایەتیان تێکەوە پێچا، بە هیوای ژیانێکی باشتر و ئەمنیەتی ڕوحی، فەرهەنگی، ئابووری و سیاسییەوە بوون. هیچ‌ کەس و لایەنێک بە خەیاڵیدا نەدەهات کە ئەو شۆڕشە گەلی و هەمەلایەنە لە ویست و داخوازی کەمینەیەک لەژێر ناوی کۆماری ئیسلامیدا کورت بکرێتەوە و بە جێگای ئەوەی ببێتە مایەی بەختەوەریی کۆمەڵگە، نەهامەتی، هەژاری و نائەمنی لە کۆمەڵگەی ئێراندا ڕەگی دابکوتێ و پەرە بستێنێت.

پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ لەم سەدەیەدا سێ شۆڕشی دیکە لە وڵاتانی ڕووسیە، چین و کوبا ڕوویان دا و خاڵی هاوبەشیان هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان بوو. بەڵام بەو جیاوازییە کە شۆڕشەکانی ڕووسیە، چین و کوبا لە ڕێگای ئیدئۆلۆژیی خۆیانەوە مزگێنیی دنیایەکی بێ‌چەوسانەوە و یەکسانیان بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهاندا دەدا، بەو حاڵەش نەیانتوانی بە هەناردەکردنی شۆڕش بۆ وڵاتانی دنیا لە بەرەوپێشبردنی ئیدئۆلۆژیی کۆمۆنیستی سەرکەوتوو بن و بینیمان یەکیەتیی سۆڤیەت دوای نیزیک بە ٨٠ ساڵ دواجار هەرەسی هێنا. بەنەمانی یەکیەتیی سۆڤیەت وەک ئۆردووگای سۆسیالیستی هەناردەکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی بۆ وڵاتانی دیکە بەتەواوی ڕاوەستا و دوو وڵاتی چین و کوباش لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵیان داوە خۆیان لەگەڵ نەزمی جیهانیی سەردەم بگونجێنن و خۆ لە بیرۆکەی هەناردەکردنی شۆڕش ببوێرن. شۆڕشی گەلانی ئێرانیش کە هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی لەلایەن ئایەتو‌ڵڵا خومەینی و دارودەستەکەی دەستی بەسەردا گیرا و نیزامی کۆماری ئیسلامییان دامەزراند، ڕاست وەکوو دەسەڵاتدارانی ئەو سێ شۆڕشەی پێش خۆی (ڕووسیە، چین و کوبا) لە بیری هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بوون. بەو جیاوازییەی کە شۆڕشی سۆسیالیستی ڕوانگەی بۆ داهاتوو بوو. واتە کۆمەڵگە بە شۆڕشی سۆسیالیستی بەرەوە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ژیانێکی یەکسان و دوور لە چەوسانەوە بڕوا، بەڵام شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەپێچەوانەی شۆڕشی سۆسیالیستی ویستیاری دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک لە ئێراندا بوو کە لە بواری فەرهەنگییەوە بنەما و باوەڕەکانی دەگەڕایەوە بۆ نەریت و فەرهەنگی ١٤٠٠ ساڵ لەوە پێش کە لە نیمچە دوڕگەی عەڕەبستان باو بووە و ئەو شێوە ئیدئۆلۆژی و بیرکردنەوەیە هەر زوو وەک ستراتیژی و ئامانجی نیزامی کۆماری ئیسلامی هاتە نێو بەند و بڕگەکانی یاسای بنەڕەتی ئێران. واتە بەو شێوەیە پێناسەی بۆ کرا کە "شۆرشی ئێران جووڵانەوەیەکە بۆ سەرکەوتنی تەواوی ستەم‌لێکراوان بەسەر زاڵماندا" و ئامانجی ئەو شۆڕشە " درێژەکیشانی لە نێوخۆ و دەرەوەیە"، "بەتایبەتی لە پەرەپێدانی پێوەندییە نێونەتەوەیەکان، لەگەڵ جووڵانەوەکانی ئیسلامی و خەڵکی تێ‌دەکۆشێ هەتا ڕێگای دروست‌بوون و پێکهێنانی  ئۆمەتێکی جیهانی دەستەبەر بکا." لە درێژەی ئەو بابەتەدا یاسادانەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکا کە "ئەرتەش و سپای پاسداران هاوتەریب لەگەڵ ئەو ئامانجە پێک هاتوون و بێجگە لە پاراستنی سنوورەکان و پارێزگاری لە نیزام، ئەو ئەرکەیان لەسەر شانە کە لە ڕێگای خودا و خەبات لەپێناوی پەرەپێدانی حاکمییەتی قانوونی خودا لە سەرانسەری جیهاندا تێ‌بکۆشن و جیهاد بکەن."

بەو ڕوانگەیەوە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ماوەی ٤٥ ساڵە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بەرێوە دەبن و ئێران و گەلانی ئەم وڵاتەیان تووشی نەهامەتی و هەژاری لە بواری ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی و دەیان قەیرانی دیکە کردوە. دوای تێپەڕینی ٤٥ لە دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی و ئەو هەموو نەهامەتی و کوشت و کوشتار و هەژاریی کۆمەڵگەی ئێران و تەریککەوتنەوەی سیاسی ئێران بەهۆی کردەوەکانی ئەو نیزامە لەنێو سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ئێستاش دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیانەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی (ام‌القری)ی موسوڵمانانی جیهانە. بەڵام پێچەوانەش ئەوەش دەبینین کە لە هەر جێگا و شوێنێک بەرژەوەندیی نیزام بکەوێتە مەترسی، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی نیزامەکەیان لە هەموو ئەو دروشم و کردەوانەی خۆیان پاشەکشەیان کردوە. هەروەک ئێستا لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا بەئاشکرا پاشەکەشەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە پشتیوانیکردنی حەماس و پرسی فەلەستین دەبیندرێ.

لە سەرەتای بە دەسەڵات‌گەیشتنی نیزامی کۆماری ئیسلامی و لەپێناو وەدیهاتنی ئامانجی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی دەسەڵاتدارانی تاران بە هەڵگرتنی دروشمی "نە شرقی و نە غربی" کەوتنە پاڵپشتیکردنی هەموو حەرەکەت و جموجۆڵێکی گرووپ و ڕێکخراوی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هەتا سەحرای ڕۆژئاوای ئەفریقا، ئەمریکای باشوور هەتا دەگاتە باکووری ئەفریقا. ئەم ڕەوتە وای ‌کرد بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ئێران بە دیاریکراوی ببێتە ناوەندی هەموو ئەو گرووپە تێرۆریستیانەی ناوچەکە و جیهان. لە تاران بێ ئەوەی سەرنج بدرێتە ئیدئۆلۆژیی ئەو گرووپانە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی سامانی گەلانی ئێرانیان بێ حیساب و کتاب بەخشییە ئەو گرووپ و ڕێکخراوانە و ئێستاش لەو سیاسەتە بەردەوامن. بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان وای کرد دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی شێوەی تێڕوانییان لە هەناردەکردنی شۆڕش و پشتیوانی لە ناڕازییانی وڵاتان بخەنە گرەوی مانەوەی نیزام. بەو مانایە ئەگەر پێشتر هەوڵیان دەدا بە شۆڕشی ئیسلامی کە خۆیان سەرکردایەتییان دەکرد جیهان بگۆرن، هەر زوو تێگەیشتن کە پێوەندییە نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییەکان و بەرژەوەندی دەوڵەتان و گەلان لەگەڵ ئەو ئامانجەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی یەک ناگرێتەوە و لە زۆر شوێن و جێگا لەگەڵی بەتەواوی لە دژایەتی‌دایە. بۆ نموونە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئێران و عێراق بەشێک لەو ڕێکخراوانە تێڕوانینیان لەسەر ئەو شەڕە وەک دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەبوو. وەک ڕێکخراوی ڕزگاریبەخشی فەلەستین بە ڕێبەریی یاسر عەرەفات کە لە سەرەتای بەدەسەڵات‌گەیشتنی کۆماری ئیسلامی، هاتوچۆی ئەو ڕێکخراوە بۆ تاران و دیتنی ڕێبەرانی سیاسی و مەزهەبی ئێران گەلێک زۆر بوو و تەنانەت وێنەگرتن لەگەڵ ڕێبەری ئەو ڕێکخراوەیە جۆرێک لە شانازی بوو بۆ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی. بەڵام هەرکە ئەو ڕێکخراوە لە ئۆسلۆی پێتەختی نۆروێژ لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاشتی، دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی تاران ٣٦٠ دەرجە لە سیاسەتیان بەرانبەر بە ڕێکخراوی ئازادی‌بەخشی فەلەستین وەرسووڕان  و پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیە پچڕاند و کەوتنە دروستکردنی ڕێکخراوی هاوتەریب بۆ فەلەستینییەکان.

یان دوای تەواوبوونی شەڕی ئێران و عێراق و داماویی دەوڵەت و حکوومەت لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی دوای شەڕ و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ئاسایی بۆ خەڵکی ئێران، دەرکەوت کە ئەو نیزامە لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا تووشی قەیرانی مەشروعییەت بووە. بۆیە لە سەرەتاکانی دەیەی هەشتای هەتاوی دەسەڵاتدارانی نیزام وەخۆکەوتن کە سیاسەتی دەرەکییان دەبێ بکەوێتە خزمەت مانەوەی نیزامی کۆماری ئیسلامی. هەربۆیە مەیدانی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشیان لە ناوچەکەدا زیاتر چڕ کردەوە و هەوڵیان ئەوە بووە لە هەستی مەزهەبی گەلانی ناوچەکە بەتایبەتی مەزهەبی شیعە بە قازانجی ئەو ستراتیژییە کەلک وەربگرن و لەسەر دوو ئامانجی دیاریکراو ستراتیژیی دەرکییان داڕشت. یەکەم، هەوڵدان بۆ ڕووخاندن و لابردنی دەوڵەتانی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە و لەنێوبردنی حاکمییەتی ئیسرائیل. دوویەم، دروستکردن و پێکهێنانی سازمان و ڕێکخراوی جۆراوجۆر و لەژێر ناوی مەزهەبی و دینی لەو وڵاتانە بۆ ئەوەی گرفت و کێشە بۆ دەوڵەتەکان دروست بکەن. ئەو سیاسەتە وای کرد کە دەوڵەتانی عەڕەبی ناوچەکە پێوەندییەکی سارد و سڕیان لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلام‌دا هەبێ و هەموو کات بوونی نیزامی کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشە لەسەر خۆیان دابنێن. بۆ نموونە دەوڵەتی میسر وەک دەوڵەتێکی گەورەی عەڕەبی هەر لە سەرەتاوە پێوەندی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پچڕاند و هەموو هەوڵێکی ئەوە بووە ئیزەن نەدا سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی بگاتە نێو خاکی ئەو وڵاتە. یان دەنا پێوەندییەکانی عەڕەبستانی سعوودی لەگەڵ ئێران لە ماوەی ئەو ٤٤ ساڵەدا گەلێک هەڵکشان و داکشانی بە خۆیەوە دیوە و تەنانەت زۆرجار گەیشتووتە ئاستی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی بە چەشنێک کە بۆنی شەڕی لێ هاتووە.

ئەوەی دوای ٤٤ ساڵ لە حوکمڕانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ستراتیژی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران سەلماوە ئەوەیە کە ئەو سیاسەتە نەک سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو ئاسەواری شکان و ناکارامەییشی بەتەواوی دەرکەوتوە. لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و وڵاتانی ناوچەکە، ئێران بەچاوی دەوڵەتێکی سەرەڕۆ و پشتیوانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ چاوی لێ دەکەن و لەهەمان کاتدا بە هۆکاری دەستوێڕاگەیشتن بە چەکی ناوەکی و بەرنامەی مووشەکی و پشتیوانی لە ڕێکخراو و گرووپی تێرۆریستی لە بواری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسییەوە هەم لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەم لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئابلۆقەی ئابوورییان هاویشتۆتە سەر ئێران. ئەوەش وای کردوە لە ماوەی دەسەڵاتدارەیەتیی ئەو نیزامەدا ئێران بە سەدان میلیارد دۆلار زیانی پێ‌بگات و لە هەمان کاتدا سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە وای کردوە کە وڵاتانی عەڕەبی کەنارەکانی کەنداوی فارس زیاتر لێک نزیک ببنەوە و شوڕای هاوکاری کەنداو پێک بێنن و بتوانن لەو ڕێگایەوە دەژایەتی سیاسەتە پاوانخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بکەن. ئەو بێ‌متمانەییە بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وای کردوە کە ئەو دەوڵەتانە لەگەڵ ئێران نەتوانن پێوەندی ئابووری و سیاسی ئاساییان هەبێ کە ئەوەش هەر زیانی گەورەی لە ئابووریی ئێران داوە کە بەداخەوە هەتا ئێستا دووکەڵەکەی چۆتە چاوی گەلانی ئێرانەوە.

ئاکامگیری لەو باسە ئەوەیە دوای ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێڕەوکردنی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران نەک هیچ گەل و نەتەوەیەک بە یارمەتیی کۆماری ئیسلامی لە دەست دەوڵەتانی زاڵم و سەرەرۆ ڕزگاری نەبووە، بەڵکوو ئەو سیاسەتە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێڕان گیروگرفتی زۆری بۆ ئەو وڵاتانە دروست کردوە کە دەستی کۆماری ئیسلامییان ‌وێ ڕاگەیشتوە. لە نێوخۆی ئێرانیش ئەو سیاسەتە بێجگە لەوەی گەلانی ئێرانی تووشی هەژاری و کەم‌داهاتی و زیادکردنی نەخۆشییە کۆمەڵاییەتیەکان کردوە لە بواری ئازادییە سیاسی و تاکەکەسییەکانیش ئێرانی کردووەتە زیندانێکی گەورە. بۆیە دەرنگ یا زوو هەموو ئەو دەست‌تێوەردانانە و قەیران‌خوڵقێنی دەسەڵاتدارانی تاران کە لە ماوەی ئەو ٤٥ ساڵە بەناوی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی و پشتیوانی لە "مستضعفان"ی جیهان بە گشتی و وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی کردوویەتی، پێی کۆماری ئیسلامی دەگرێتەوە و ڕق و بێزاریی پەنگ‌خواردووی گەلانی ئێران بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی جیهانی و ئازادیخوازان  بەڕووی دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامەدا دەتەقێتەوە و تۆماری دەسەڵاتدارییان تێکەوە دەپێچن.