کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوورخرانەوەی مامۆستایەکی کورد بەهۆی پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا

10:39 - 2 بەفرانبار 2723

حکمەت ساڵحی، مامۆستای قۆناغی سەرەتایی، بە هۆی پاڵپشتی لە شۆڕشی ژینا، لە شاری سەوڵاواوە بۆ شاری بیجاڕ دوور خرایەوە.

بەپێی راپۆرتی کوردپا، ئەم مامۆستایە بە ٩ ساڵ پێشینەی کارەوە، لە شوێنی وانەوتنەوەی خۆی لە گوندی "سەرپیر"، سەر بە بەشی هەورامانی سەوڵاواوە، بۆ قوتابخانەی گوندی "پیرتاج"، سەر بە شاری بیجاڕ دوور خراوەتەوە.

پێشتر ئەم مامۆستایە لەلایەن لێژنەی پێڕاگەیشتن بە لادانە ئیدارییەکانی پەروردە و بارهێنان، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە پیرۆزییەکان"، بە دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری بیجاڕ مەحکووم کرابوو.

تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەم مامۆستایە، پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی پێوەندیدار لە سۆشیاڵ میدیا ڕاگەیەندراوە.