کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا لە مەڵبەندی یەکی کوردستان

10:50 - 2 بەفرانبار 2723

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی سەرماوەز، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی جێژنی ٩٣ ساڵەی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو، ڕێبەری گەلی کورد، ڕێوڕەسمێکی لە مەڵبەندی یەکی کوردستان بەڕێوە برد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بیدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان لەلایەن پێشکەشکاری بەرنامە خاتوو زەکیە سدقییەوە داوا لە هاوڕێیان ماکۆ و هانی هۆرمزی کرا کە مۆمی ڕێوڕەسمەکە هەڵ کەن.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی یەکیەتیی لاوان لەلایەن هاوڕێ پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتیی ئەو ڕێکخراوە پێشکەش کرا.

 عەلیپوور لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ئەسڵی سەربەخۆیی سیاسی و سەربەخۆیی بڕیاردان کرد کە لە خەبات و تێکۆشانی دوکتور قاسملوودا ڕەنگی دابووەوە و هەتا ئێستاش ئەمە دەسکەوتێکی سیاسی و ئەخلاقی بۆ حیزبی دێموکراتە.

پێشەوا عەلیپوور لە بەشێک لە وتارەکەیدا وتی: میراتی سیاسی و هزریی دوکتوور قاسملوو بۆ ئێمە و نەسلی ئێمە ئەوەندە زۆرە کە دەتوانین شۆڕشێکی گەورەی پێ بەرپا کەین، بە مەرجێک کە ڕێبازداری ڕاستەقینەی ئەم ڕێبەرە شەهیدە بین. بەخۆشییەوە ئێستاکە لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات ڕوانگە و بۆچوونەکانی دوکتور قاسملوو ئەوەندە نەهادینە بوونەتەوە کە نەسڵێکی نوێ لە لاوان بێ ئەوەی دوکتور قاسملوویان بینیبێت لەسەر شەقامەکان ناو و ڕێبازەکەی وەک دروشم دەڵێنەوە و هەروەها لە تێکۆشانی سیاسی و جەماوەریدا لەسەر هەستن، دژی داگیرکاری و پاکتاوی نەتەوەکەمان خاوەن هەڵوێستن و بە کردەوە، بە گژ ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە ناوخۆ و دەرەوەدا دەچنەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا سروودێک لەژێر ناوی "ئەستێران یەک یەک چاوەڕێن" لەلایەن کۆرسی سروودی یەلدا و بە سەرپەرەستیی هاوڕێ حەمەکۆڵ پێشکەش کرا.

پاشان پەخشانێک لەلایەن هاوڕێ شاڕووخ حەسەنزادە و شانۆیەک لەژێر ناوی "قوتابخانە و شۆڕش" لەلایەن منداڵانی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.

بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە تەرخانکرابوو بە پێشکەشکردنی سروودی "قاسملوو قاسملوو" کە هۆنراوەکەی لە نێوخۆی وڵاتەوە نێردرابوو و لەلایەن لاوانی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.