کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە یارمەتیدانی غەززە پەسەند کرا

11:48 - 2 بەفرانبار 2723

ڕۆژی هەینی ١ی بەفرانبار، شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە تێیدا داوای هاوکاری مرۆیی زیاتری بۆ غەززە کراوە.

لەم بڕیارنامەیەدا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی نەکراوە و ئەمریکا و ڕووسیە کە دوو ئەندامی هەمیشەیی شۆرای ئەمنییەتن دەنگی بێلایەنیان داوە و ١٣ ئەندامی دیکەش دەنگیان بە ئەم بڕیارنامەیە داوە.

لە بڕیارنامەکەدا داوا لە لایەنەکان کراوە کە ئاسانکاری بۆ بەکارهێنانی سەرجەم کاناڵە مرۆییەکان بکەن، هەروەها بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی و چاودێریکردنی گەیاندنی هاوکارییەکان دەستنیشان دەکرێت.

ئیسرائیل وتوویەتی لە سەرەتای دەستپێکی ئەو شەڕەوە، نزیکەی ٥ هەزار و ٤٠٠ بارهەڵگری هاوکاری کە خۆراک و ئاو و پێداویستی پزیشکییان تێدایە چوونەتە نێو غەززە.

گرووپە فریاگوزارییەکان دەڵێن تەنها بەشێکی کەم لەو شتانەی کە پێویستە گەیشتوونەتە دەستمان و هەروەها ناوەندێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئەگەری هاتنەئارای قاتوقڕی هۆشداریی داوە.

هێرشە ئاسمانییەکان لە سەرانسەری غەززە لەکاتێکدایە کە هیواکان بۆ پێشکەوتن لە وتووێژکانی ئێستا لە میسر بە ئامانجی ڕازیکردنی ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستی نوێ کاڵ بووەتەوە.

پێش پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیە، هێزەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە دەیانەوێ هێرشە زەمینییەکانیان بۆ ناوەندی غەززە فراوان بکەن.

ئەرتشی ئیسرائیل لەمەڕ کوژرانی خەڵکی مەدەنی بەداخبوونی خۆی دەربڕی و وتوویەتی حەماس خەڵکی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار دەهێنێت.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای هێرشە زەمینیەکانی بۆ سەر غەززە لە ٢٨ی ڕەزبەرەوە ١٤٠ سەربازی لەدەست داوە.