کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە زاهێدان ڕێپێوانی هێمنانە بەڕێوە چوو

11:57 - 2 بەفرانبار 2723

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی هەینیی زاهیدان، سەرەڕای زاڵبوونی کەشی ئەمنییەتیی توند، نوێژکەران لەسەر داواکاریی مەولەوی عەبدولحەمید، مزگەوتیان بەجێ هێشت و بە ئارامی دەستیان بە ڕێپێوان کرد.

ماڵپەڕی ''حاڵ‌وەش'' ڕۆژی هەینی ٣٠ سەرماوەز، بە بڵاوکردنەوەی چەندین ڤیدیۆ ڕایگەیاند کە هێزێکی زۆری گاردی تایبەت لە دەوروبەری مەزگەوتی مەکی جێگیر کراون و نوێژکەران بە هێمنی مزگەوتیان برجێ هێشتووە و دەستیان بە ڕێپێوان کردووە.

لە وتاری نوێژی هەینیی زاهیداندا، مەولەوی عەبدولحەمید بە ئاماژەدان بە گرینگیی "ئاسایش" وتی: بەرابەری و دادپەروەری زامنی ئاسایشە. ئەگەر بەرابەری و دادپەروەری بۆ هەمووان لەبەرچاو بگیردریت، هەمووان لە ئاسایشدا دەبن.

مەولوی عەبدولحەمید لە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆدا بۆ هێرشی ئەم دواییە بۆ سەر بنکەیەکی ڕێژیم لە شاری ڕاسک، هەموو لایەنەکانی بانگهێشتی دیالۆگ کرد.

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین مانگ لە "هەینیی خوێناوی"ی زاهیدان، زۆربەی شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە کەشی ئەمنییەتی‌ و نیزامیدان.

دوای هەینیی خوێناویی زاهیدان لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی زۆربەی شارەکانی بەلووچستان، هەموو هەینییەک دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن.