کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاکێرەکانی ڕێژیم هێرشی سایبێرییان کردە سەر دەیان کۆمپانیی ئیسرائیلی

12:02 - 2 بەفرانبار 2723

گرووپی سایبێریی "سایبێر تووفان"، کە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی لێ دەکرێت، داتاکانی ٤٩ کۆمپانی ئیسرائیلیی هاک کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیی "فاڵکۆن فیدز ئای ئۆ"، گرووپی سایبێر تووفان بە هاککردنی کۆمپانییەکی خزمەتگوزاری، توانیویەتی داتا و زانیارییەکانی ئەم کۆمپانیایانە هاک بکات.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێرشبەران هەمووی ئەم شیرکەتانەیان پێکەوە هاک نەکردووە و تەنیا بە هاککردنی کۆمپانی "سینگچێڕ-ئای تی" توانیویانە داتا و زانیارییەکانی ٤٩ کۆمپانیی ئیسرائیلیی لەوانە دامەزراوەی داهێنانی ئیسرائیل، کۆمپانیی تویتا ئیسرائیل، کۆمپانیی ئەمنییەتی سایبێری و چەند کۆمپانیی دیکە هاک بکەن.

فاڵکۆن فیدز ئای ئۆ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەنجامی لەم جۆرە هێرشە سایبێرییانە لەم ئاستەدا، پشتیوانی و سەرچاوەی تایبەتی پێویستە کە بۆ گرووپە سەربەخۆکان لەبەر دەستدا نییە و هەر بەم پێیە لێکۆڵەران لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پشتی ئەم هێرشە سایبێریانەدایە.

 لەلایەکی دیکەوە گرووپی هاکێریی "مادی واتێر" ژمارەیەک کۆمپانیی پێوەندیکردنی چالاک لە ٣ وڵاتی میسر، سوودان و تانزانیای هاک کرد.

گرووپی سایبێریی مادی واتێر سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمە و پێشتریش هێرشی سایبێریی بۆ سەر ژمارەیەک دامەزراوە و کۆمپانی لە وڵاتانی ئیسرائیل، عەرەبستان و ئێمارات ئەنجام داوە.

وێدەچێت کە ئەم هێرشانە لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا بێت.

شایانی باسە کە کاربەدەستانی ئیسرائیل پێشتر سەبارەت بەم هێرشانە هۆشدارییان داوەتە ڕێژیم و ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە داهاتوودا باجی ئەم هێرشانە دەدات.