کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا باسی لە ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە هێرشی حوسییەکاندا کرد

15:18 - 2 بەفرانبار 2723

وتەبێژی ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا، ئادرین واتسۆن لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران لە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریایی سووردا ڕۆڵێکی زۆر گرینگی هەیە و بە زانیارییەکانی، هاوکاریی گرووپی حوسییەکان دەکەن.

ناوبراو وتی کە لە ئێستادا تەنیا یەک بژاردە لەبەر دەستی ڕێژیمی ئێراندا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هاوکارییەکانی ڕابگرێت، و سیستەمی کۆنتڕۆڵکردنی دەریایی نەدا بەو گرووپە.

ئادرین واتسۆن جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو مووشەک و پەهپادانەی کە حوسییەکان لە هێرشەکانی خۆیاندا کەڵکیان لێ وەردەگرن لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێیان دەدرێ.

لەسەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و پشتیوانیکردنی لە حوسییەکان، ئەمریکا لە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نیزامیی نێونەتەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوە لە هێرشی حوسییەکانە، هەروەها پێنتاگۆن ڕۆژی هەینی ١ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە تا ئێستا نزیک بە ٢٠ وڵات هاتوونەتە نێو ئەو هاوپەیمانێتییەوە.