کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ۱۰ هەزار پەرستار وازیان لەکار هێناوە

15:29 - 2 بەفرانبار 2723

سەرۆکی دامەزراوەی پەرستاریی رێژیم ڕایگەیاندووە کە ١٠ هەزار کەس لە باشترین پەرستارەکان وازیان لەکار هێناوە یان کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە.

محەممەد میرزابەیگی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی وەزارەتی تەندروستی گرتووە و وتوویەتی هەندێک لە سیاسەتەکانی ئەم وەزارەتە وەک بۆمبڕێژکردنی ڕێگەی پەرستارەکان وایە و بووەتە هۆی ئەوەی کە تەنیا لە یەکجاردا ١٠ هەزار کەس لە باشترین پەرستارەکان واز لە کارەکەیان بێنن یان بەرەو وڵاتانی دەرەوە کۆچ بکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا و پێشتر"ڕەزا لاریپوور" وتەبێژی دامەزراوەی نیزام پزیشکیی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە داواکاریی کادری دەرمان بۆ کۆچکردن لە ٥ ساڵی ڕابردوودا ١٠ بەرامبەر بەرز بووەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە "عەلی جەعفەرییان" سەرۆکی پێشووی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران لە وتووێژێکدا هۆشداری دابوو کە کۆچکردنی کادرەکانی دەرمان تا ڕادەیەک بەرز بووەتەوە کە تا چەند ساڵی داهاتوو پسپۆڕی بەنجکردنیشمان تەنانەت بۆ ئاپاندیسیتیش نابێت.

 بە پێی زانیارییەکان لە زاری بەرپرسانی ڕێژیمەوە ساڵانە زیاتر لە ٣ هەزار پەرستار دەچنە دەرەوەی وڵات.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم هیچ گرینگییەکیان بەم هۆشدارییانە نەداوە و بە گەورەکردنەوەی بابەتەکە ناوی لێ دەبەن.

گوشار بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکی و پەرستاری بەتایبەت پاش شۆڕشی ژینا زۆرتر بووەتەوە، کە هاوکات لەگەڵ دۆخی خراپی ئابووری و سیاسی لە ئێران یەک لە هۆکارەکانی کۆچی بە کۆمەڵی پزیشکان و کادری دەرمان بۆ وڵاتانی دەرەوەیە.