کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران درێژەیان هەیە/ لانیکەم ١٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو

11:11 - 13 سەرماوەز 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم ١٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارە جیاوازەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە کرێکارانی کۆمپانیای زەوب ئاهەنی ئیسفەهان، کۆمەڵێک کرێکاری گرێبەستی کۆمپانیای تۆڕی ئاودێری و ئاوەڕۆی کاروونی گەورە، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی پۆڵا لە شارەکانی ئیسفەهان، تاران، قائم شار، ڕوودبار، دامغان و ئەهواز، ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی شووش، ئەراک، مەشهەد، ئەهواز و کرماشان و ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای نەوت و گازی ئاغاجاری، ناڕەزایەتیان دەربڕی و داوای مافەکانی خۆیان کرد.

هەروەها کۆمەڵێک لە کرێکاران و شۆفێرانی کانگای خاکی نەسووز ئابادە، لەهەمبەر چارەسەرنەکردنی کێشەکانیان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هاووڵاتییانی ناڕازی ڕایانگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی خواست و ویستەکانیان لەلایەن بەرپرسانەوە جێبەجێ نەکرێت، درێژە بە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان دەدەن.