کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک دەستبەکار بوو

15:46 - 2 بەفرانبار 2723

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک، لە ڕاگەیەندراوەێکدا دەستبەکاربوونی خۆی ڕاگەیاند.

ئەم ناوەندە ڕایگەیاندووە کە بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری زانست و مەعریفە لەسەر کوردستان و پرسی بەربڵاوتری کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تێدەکۆشێت.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک وێڕای ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی، چەند خاڵێکی سەبارەت بە هێڵە گشتییەکانی ناوەند بۆ ئۆگرانی بواری ئاکادێمی، لێکۆڵینەوە و کاری زانستی لە کوردستان ڕوون کردووەتەوە.

ئامانجی ناوەندی تیشک، توێژینەوە و تاوتوێی زانستییانەی لێکۆڵینەوەی کوردی و کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانییەوە، تێگەیشتنێکی قووڵ و زانستییانەی پرسی کورد، مێژوو، کولتوور، زمانی کوردی و کێشەکانی ئێستا بدات بەدەستەوە.

تیشک لە ساڵی ٢٠٢٢ لە شاری کۆڵن لە وڵاتی ئاڵمان دامەزراوە. ڕێکخراوێکی غەیرەدەوڵەتی و قازانج نەویستە و پابەندی لێکۆڵینەوەی ورد و زانستییانەی بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانە.

لە بەشێکی راگەیەندروەکەدا هاتووە: ناوەندی تیشک هاوکاریی بەرەوپێشبردنی زانست و چارەسەریی کێشە ئاڵۆز و سەرەکییەکان دەکات و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کاری هاوبەش لەگەڵ زانکۆکان و دامەزراوە توێژینەوەیییەکان، هاوکاریی ئاکادێمیی ئەو ڕێکخراوانە بکات کە لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی و کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا چالاکن. لە ڕێگەی پەرەپێدانی هاوکاریی نێوان زانستەکان و هاوبەشکردنی سەرچاوەکانەوە، ئامانجمان بەرزکردنەوەی ئاست، چۆنایەتی و کاریگەریی توێژینەوەکان لەم بوارانەدایە.

ناوەندی کوردستان – تیشک لەم ڕاگەیەندروەدا ڕایانگەیاندووە کە گۆڤاری تیشک کە بڵاوکراوەیەکی شیکارانەی کۆمەڵایەتی-سیاسییە، وەرزێکی نوێ لە کار و تێکۆشانی خۆی دەست پێدەکات و لە چوارچێوەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک، چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.