کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشی ژینا، پێناسەی پێشمەرگەی گۆڕی

02:12 - 3 بەفرانبار 2723

ئاسۆ مینبەری

لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ئێمەدا پێشمەرگە هێمایەک لە پێشەنگایەتی و بوێری و لە هەموویان گرینگتر نیشتماندۆستی بووە. هەر ئەم تایبەتمەندییانە وای کردوە کە پێشمەرگە لای گەلەکەی خاوەن پێگە و خۆشەویستییەکی تایبەت بێت و، لە ڕاستیدا ئەم خۆشەویستییە وای کردوە کە پێشمەرگە وەکوو یەکێک لە پیرۆزییە نەتەوەییەکان چاوی لێ بکرێت.

پێشتر کە پێشمەرگە دەگەڕایەوە نێوخۆی کوردستان و ئەرکی پێشمەرگانەی خۆی بەڕێوە دەبرد، خەڵکی کوردستان بەوپەڕی لەخۆبوردوویی و بوێرییەوە و لە سەختتترین دۆخدا بەوەرەپیریانەوە دەچوون و هاوکارییان دەکردن. بەڵام دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا گۆڕانێکی یەکجار گەورەی بەسەردا هات و، چەمکی پێشمەرگەی شار هاتە نێو وێژمانی حیزبی دێموکراتەوە و پێناسەی پێشمەرگە گۆڕانێکی بنەڕەتیی بە خۆیەوە بینی.

ئەگەر پێشتر پێشمەرگە تەنیا وەک چەکدارێک پێناسەی بۆ دەکرا و بەو کەسە دەگوترا کە بۆ بەرگری لە مافی نەتەوەکەی سنوورە دەسکردەکانی بڕیون و زێد و نیشتمانی خۆی بەجێ هێشتووە و ئامادەیە گرینگترین سەرمایەی ژیانی لەم پێناوەدا پێشکەش بکا، پێناسەکە ئاوا گۆڕا کە هەر تاکێک بە هەر توانا و هێزێکەوە و لە هەر پێگە و ڕۆڵێکدا، دەتوانێ پێشمەرگە بێ! چونکە ئەرکی ڕزگارکردنی خاک و نیشتمان و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەرانە، ئەرکی هەموو تاکێکە، جا ئەگەر دەسەڵاتێک ئازادییەکان زەوت دەکات، ئەوە ئەرکی تاکە کە بۆ ڕزگاریی خۆی تێ‌بکۆشێ و ژیانێکی شیاو بۆ خۆی دابین بکات.

لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا، چەمکی پێشمەرگە پێناسەکەی تایبەتتر بووەوە؛ لە شۆڕشی ژینادا هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بەبێ لەبەرچاوگرتنی تەمەن و ڕەگەز و پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی، توانییان ڕۆڵی پێشمەرگە بگێڕن و لەم چوارچێوەیەدا هەنگاو هەڵبگرن.

ئەگەر پێشتر ڕێژیم تەنیا ترسی لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ نێوخۆی کوردستان و چالاکییە پێشمەرگانەکانیان بوو، لە شۆڕشی ژینادا، پرسەکە ئاوا گۆڕانی بەسەردا هات کە هەر تاکێکی کوردستان بوو بە پێشمەرگەیەک و لە بەرانبەر کۆشکی ستەمکاریدا وەستا.

زۆر جار باس لەوە کراوە کە شۆڕشی ژینا وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی ئێمەدا دەبێ چاوی لێ بکرێت، لێرەشدا پێویستە بگوترێ کە یەکێکی دیکە لە خاڵە گرینگەکانی ئەم شۆڕشە ئەوە بوو کە چیدیکە ترس و دڵەڕاوکێی لە دڵی خەڵکدا و لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داگیرکەردا نەهێشت. ڕەنگە پێشتر خەڵک بە هۆی زاڵبوونی کەشی ئەمنییەتی، زۆر بە پارێزەوە باسیان لە پێشمەرگە کردبێ، بەڵام لە شۆڕشی ژینادا، وێڕای شکانی ترس و تابۆکان، ئەوە خەڵک بوون کە پێشمەرگەئاسا بەرەنگاری دەسەڵات بوونەوە. لە هاوکێشەیەکی یەکجار ناڕێکدا، خەڵک هاتنە بەرانبەر دەسەڵات و هێزە داگیرکەرەکانییەوە، ئەمان دەستیان خاڵی بوو و ئەوان پڕچەک بوون، ئەمان هێزی باوەڕ بە ڕزگاری هێنابوونیە سەر شەقام و ئەوان زەبری داگیرکەر بۆ سەرکوتی بەرانبەر، ئەمان لە بەرانبەر بیری دواکەوتوو چەقبەستووی دەسەڵاتدا وەستابوونەوە و ئەوان لە بەرانبەر ئیرادەی لەگیراننەهاتووی خەڵکدا! جیا لەوەی کە چەندە خەڵکی کوردستان پێشمەرگانە و بوێرانە لە گەرمەی شۆڕشەکەدا بەرەنگاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە و زۆر ڕۆڵەی بوێری ئەم گەلە بە گژ داگیرکەردا چوونەوە و چوونە ڕیزی کاروانی هەرگیزنەمرانی گەلەوە، خودی بنەماڵەی شەهیدانیش پێشمەرگەئاسا لە بەرانبەر داگیرکەردا وەستانەوە.

لە جەرگەی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، قوتابی، خوێندکار، مامۆستا، کرێکار، ئەندازیار، پیر، لاو و منداڵ هەموویان بوون بە پێشمەرگە و بە چەکی باوەڕەوە هاتنە مەیدانی خەباتەوە. ڕەنگە ئەگەر لە دواڕۆژدا باس بۆ نەوەکانی داهاتوو بکرێ کە چۆن کچە قوتابییەک تەنیا بە چەکی قژەکانیەوە لە بەرانبەر داگیردا وەستاوە، یان چۆن کوڕە لاوێک تەنیا بە جامانەکەی ملیەوە و بە جلە خاکییەکانیەوە، بەرەوڕووی داگیرکەر بووەتەوە، پێیان سەیر بێت کە ئاخۆ چۆن ئەوانە ئەتوانن چەک بن و ئەو کچ و کوڕانە چۆن دەتوانن پێشمەرگە بووبێتن.

پێناسەی پێشمەرگە ڕێک لێرەدایە کە مانای خۆی دەگرێت، ئەو کچ و کوڕانە ڕۆڵەی گەلێکی چەوساوەن، لە هەر بەرگ و لە هەر جێگایەکدا بن مادام بەرەوڕووی بیری دواکەوتووانەی داگیرکەر بوونەتەوە و ئامادەی گیانبازی بۆ دەستەبەرکردنی ڕزگاری و داماڵینی داگیرکەرن، مادام ئامادەن لە جیاتی درێژەدان بە ژیانی ئاسایی، سینگیان بکەنە قەڵغان و ژیانێکی سەردەمیانە و مرۆڤانە بۆ خۆیان و گەلەکەیان دابین بکەن، کەوایە پێشمەرگەی نیشتمانن و تێکۆشان و بەرخودانیان دەبێ ببێتە وانە بۆ داهاتوو.

لە شۆڕشی ژینادا ژنان بەشێک لەو کۆمەڵگەیە بوون کە بە داماڵینی بیری چەقبەستووی داگیرکەر، هاتنە مەیدان و پێشمەرگەی ئازای مەیدانی خەباتەکە بوون. بێگومان ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە شۆڕشی ژینادا دەبێ بە سەدان وتاری لەسەر بنووسرێت، چونکە ژنان توانییان بەرەنگاری بیرێک ببنەوە کە زیاتر لە ٤ دەیەیە پێناسەی لاوازی و نەزانی و دواکەوتوویی بۆ کردبوون. ژنان بە هەموو شێوازێک پێشمەرگەی مەیدان بوون و وانەی شۆڕشگێڕییان پێ فێر کردین، دایکی شەهیدان بە بڵاوکردنەوەی پەیام لە ڕۆژی لەدایکبوون و ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی منداڵەکانیاندا، مانیفێستی نوێی شۆڕشگێڕانەیان بڵاو کردەوە و بوێرییەکەیان لە ئاستێکدا بوو کە تەنیا لە پێشمەرگەدا شکی دەبەین.

ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا نیشانیان دا کە پیشمەرگە ئیتر تاکێکی چەکدار نییە، پێشمەرگە ژنێکی شۆڕشگێڕە کە دێتە سەر شەقام و تەواویەتی ڕێژیم دەکاتە ئامانج، پێشمەرگە باوکی کۆمار دەرئوفتادەیە کە بوێرانە دەڵێ خۆشبەختم کە کوڕەکەم لەسەر ئازادی و خاکی  کوژراوە، پێشمەرگە سارینا ساعێدییە کە بۆ داوای مافەکانی هاتە سەر شەقام و بە باتومی هێزەکانی ڕێژیم لێی درا و شەهید بوو. لە ڕاستیدا شۆڕشی ژینا، پێناسەی پێشمەرگەی گۆڕی!