کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژگاری ڕەش

02:40 - 3 بەفرانبار 2723

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

"کاروان شاهی و شەش زیندانیی سیاسی دیکە کە لە ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا دەست بەسەر کراون دوای ١٤ مانگ نادیاری چارەنوس بەبێ هیچ حومکێکی دادگا بە تۆمەتی (محاربە) شەڕ لە گەڵ خودا لە زیندان‌دان"، "عەلی قادری، کۆلبەری ٥٢ ساڵ و باوکی سێ منداڵ بە دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژرا"، "فەرزاد گوڵمحەممەدی بۆ لە سێدارەدان بۆ زیندانی ئینفرادی گواسترایەوە"، "هێزەکانی ڕیژیم لە کرماشان بەبێ ئاگادارکردنەوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی شاعیر و نووسەر کەیومەرس کەلەجۆیی"، "فایەق یوسفی، چالاکی سیاسی و مەدەنی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندرا"، "هێزەکانی ڕێژیم، کێلی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە دیولان دەشکێنن و گۆڕەکانیان تێک دەدەن"، "ئەییوب جەوانپور، برینداری شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە چوار ساڵ زیندان و پانزدە مانگ دور خستنەوە سزا درا"، "لە پیرانشار چوار مامۆستای ئایینی لە سەر هەڵوێستیان لەهەمبەر سەرکوتی خەڵکی کوردستان بە یازدە ساڵ زیندان سزا دران" و... .

ئەوانە تەنیا تیتری بەشێکی زۆر کەمی هەواڵەکەنی یەک ڕۆژی نیشتمانە لە ژێڕ ستەمی داگیرکەران، کە ڕۆژانە بە سەدان هەواڵی لەو شێوە هەیە کە هەموویان تابلۆیەکی دیاری سەرکوت و بێ‌مافیی خەڵکی کوردستانن لە سۆنگەی دەسەڵاتی ڕێژیمەوە. هەر لەو هەوڵانە کە بۆ زۆربەی خوێنەران وەک هەواڵێکی ئاسایی دەبیندرێ قورسترین چیرۆکی ژیانی تاک یا بنەماڵە یا شارێکی کوردستانن. هەر یەک لەو هەواڵانە هەڵگری دنیایەک خەم و ئازاری بێ‌کۆتایین چونکە نەک ژیانی تاکەکان، بەڵکوو ژیانی دەوروبەریان و لە کۆتاییدا ژیانی نەتەوەیەکیان ڕەش کردوە.

ئەو تابلۆیانە بەشێکی زۆر کەم لە هەزران چیرۆکی خەمبارە کە ڕێژیمێکی دیکتاتور بەئەنقەست تەنیا لە ڕووی دژایەتی لە کوردستان دەیئافرێنێ و تەنانەت لەوەی کە توانیویەتی ژیان خەڵکی کورد ئاوا ڕەش بکات شانازی دەکات. ئەوە تەنیا ئەو هەواڵانە نین کە ڕۆژگاری ڕەشیان لە کوردستان خوڵقاندوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا بە سیاسەتێکی سیتسماتیک لە ڕووی ئابووری، کولتووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و دەرونی ژیانی ئێستای نەتەوەیەکیان ڕەش کردوە و داهاتووی وڵاتێکیان سوتاندوە. هەربۆیە نابێ وا بەئاسانی بە خوێندنەوەی ئەو هەواڵانە گوزەر بکەین، بەڵکوو پێویستە بۆ چرکەیەکیش بووبێ بە ڕامانەوە سەیری ئەو ڕۆژگارە ڕەشە بکەین و لە ڕاستیەکانی ورد ببینەوە.

یەکەم ڕاستی لەو ڕۆژگارە ڕەشە ئەوەیە دەبێ زۆر باش بزانین ئەگەر ناوی خۆمان یا نزیکەکانی خۆمان لە مانشێتی هەواڵەکان نابینین بەو مانەیە نیە ئێمە لە ئارامی داین، بە هەبوونی ئەو ڕێژیمە جنایەتکارە ئەگەری ئەوەی مانشێتی هەواڵی داهاتوو ئێمە بۆ خۆمان یا نزیکی ئێمە بێت هەیە، بە دەر لەوەی هەر یەک مانشێتانە لە نەتەوەی ئێمەن کەواتە ئێمەن و جیاوازی نیە. کەواتە پێش بە ئەوەی ببین بە مانشێتی هەواڵیکی وەها وەک قوربانی پێویستە لە خاباتدا بین بۆ نەهێشتنی ئەو ڕێژیمە هەتا ئەو ڕۆژگارە ڕەشە نەمێنێ.

ئەو سیاسەتەی کەو ئەو ڕۆژگارەی ئافراندووە تەنیا ئەمڕۆی ئێمەی ڕەش نەکردووە بەڵکوو داهاتووی جیلەکانی دیکەشی خستووتە مەترسی، چونکە لە کاتێک وڵاتانی دیکەی لە سایەی ئازادی هەنگاوی پێشکەوتن دەگرنە بەر بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن بەرەو هەسارەکانی دیکە سەفەر بکەن، چۆن قورسترین نەخۆشیەکان دەرمان بکەن و ژیانی مرۆڤەکان درێژ بکەن چۆن لە دونیایی پێشکەوتووی بیری دەستکرد کەڵک وەربگرن، چۆن ڕۆژگاریکی پڕ لە شادی و خۆشگوزەرانی دروست بکەن، ئێمە دەبێ هەواڵی کوژرانی کۆلبەرێک کە باوکی سێ منداڵە ببیسین و حاکمانی وڵاتیش هەموو تۆپ تانک دەکار بکەن حیجاب وەلا نەچێ و مامۆستای زمانی کوردی لە زینداندا بێ.

لە هەمووی خرابتر ئەوەیە کە ڕێژەی ئەو هەوآڵانە ئەوەندە زۆر بوونە لەو ڕۆژگارە ڕەشەدا، کە وەک هەواڵێکی ئاسایی بە سەریاندا تێپەڕ دەبین، واتە بە ئاسایی نیشاندانی ستەم و کوشتن و ئەشکەنجە و زیندان وەک ژیانی ئاسایی ئاوا بێ یەکێک لە مەترسیدارترین تابلۆی ڕۆژگاری ڕەشی ئێستایە، کوژارنی کۆلبەر وەک ڕووداوێکی ئاسایی لێهاتووە، ڕۆژانە خەڵک بە ئاسانی ئاو خواردنەوە دەکرێنە ئامانجی گولە، پێوستە ئەو ڕووداوانە وەک رۆتینێکی ڕۆژانە سەیر نەکەین بە بیستنی هەر یەل لەو هەواڵانە کە ڕۆژانە دەەبیسین بیر لەوە بکەینەوە چۆن کۆتایی بەو ڕۆژگارە ڕەشە بێنین کە زوو یا درەنگ هەموومان دەکاتە ئامانج.

پێویستە باوەڕ بەوە بێنین کە ئێمە شایانی ئەو ڕۆژگارە ڕەشە نین بەڵکوو وەک نەتەوەیەکی ئاشتیخواز و ئازادیخواز مافمانە وەک هەر یەک لە نەتەوەکانی دیکەی ئازادی دونیا، لە ئارامی و شادیدا بژین و کە خۆشمان بە شایانی ژیانی ئازاد زانی هەوڵی بۆ بدەین. دەبێ هەمیشە بیر لەوە بکەینەوە کە پاسدارێکی بیابانەکانی کاشان و سمنان مافی حومکڕانی بەهشتی دونیا کوردستانی نیە، قاتێڵێکی سوپای پاسداران بە سەر کوڕی کوردی زانا فەزڵی نیە، زیادتر لە کوشتن و ئەشکەنجە ئەو بەکەم زانینیەی نەتەوەی کورد بە ئازارە.

لە کۆتاییدا لە هەمووی گرینگتر لە رۆژگاری ڕەشدا لە بەرەی خەباتکارانی ئازادیدا بوون بۆ نەهێشتنی ستەم هەزاران جار بە نرخترە لەوەی لە مەترسی ئەوەی کە من کەی دەبمە بە مانشێی هەواڵێک لە چاوەڕوانی دا بمێنینەوە، هەبوونی ئەو باوەڕە سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.