کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی بەرز بووەتەوە

11:07 - 11 سەرماوەز 2723

وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ئەیدزدا، باسی لە تووشبوونی ٤٦ هەزار کەس بەو ڤایرۆسە لە ئێران کرد.

 بەپێی ڕاپۆرتەکان، شێوازی گواستنەوە و ڕێژەی تووشبوون لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

ئاماری تۆمارکراو باس لە تووشبوونی ٢٨ لەسەدی ژنان و ٧٢ لەسەدیی پیاوان بەم ڤایرۆسە لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دەکات.

هەواڵدەریی ئیسنای سەر بە ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە هەتا ئێستا ٢٢ هەزار و ٤١٥ کەسی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، گیانیان لەدەست داوە و ٥ هەزار و ٢٦٦ کەسیش بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاری، سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەکانیان نەکردووە.

لە ڕێژەی تۆمارکراوی تووشبووان بەم ڤایرۆسە، هەتا کۆتایی شەش مانگی یەکەمی ساڵ، ٢٣ هەزار و ٩٠٥ کەس، گیانیان لەدەست داوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا، سیاسەتی ڕێژیم بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت و سنووردارکردنی ناوەندەکانی ڕێژیم بۆ دابینکردنی کەرەستەکانی پێویست بۆ پێشگرتن لە منداڵبوون، نیگەرانیی کارناسانی بەنیسبەت بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووان بە ئەیدز زۆرتر کردبوو.

لەلایەکی تریشەوە، لەلایەن ڕێژیمەوە پێش بە هەوڵەکان بۆ گەیاندنی زانیاری لەمبارەوە دەدرێت.

چوار ساڵ لەمەوبەر جێگری وەزیری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم لە کۆبوونەوەی ڕۆژی جیهانی ئەیدزدا ڕایگەیاند، کاتێک وەزارەت بەنیازە هەوڵی پەروەردەیی ئەنجام بدات، دەستبەجێ نووسراوەیەک لە هەندێک دامودەزگاکانەوە دەگات و لەژێرناوی پەرەپێدانی لەشفرۆشی هەوڵە پەروەردەییەکان مەحکووم دەکات.