کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زارا محەممەدی یەکەمین خەڵاتی ساڵانەی جەماڵ نەبەزی وەرگرت

14:11 - 13 سەرماوەز 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی سەرماوەز، لە ڕێوڕەسمێکدا کە لە بینای شارەداریی شۆنبێرگی بێرلین بەڕێوە چوو، یەکەمین خەڵاتی ساڵانەی جەماڵ نەبەز، پێشکەش بە زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و زیندانیی سیاسیی پێشوو کرا.

کۆمەڵێک لە کوردەکانی دانیشتووی ئاڵمان و خوشکی زارا محمەمەدی لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون.

خەڵاتەکە لەلایەن خوناو حاجو، ئەندامی لێژنەی هەڵسەنگاندنی خەڵاتی ساڵانەی جەماڵ نەبەزەوە، پێشکەش کرا و کانی محەممەدی، بە نوێنەرایەتی لە زارا محەممەدی، خەڵاتەکەی وەرگرت.

کانی محەممەدی سەبارەت بە پێشکەشکرانی ئەم خەڵاتە بە زارا محەممەدی، بە کوردستان میدیای وت: ئەم خەڵاتە بۆ ڕێزگرتن لە ١٥ ساڵ خەبات و تێکۆشانی خۆبەخشانە و بێوچانی خاتوو زارا بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی، سەرەڕای هەموو زەخت و گوشارەکان و هەروەها سەرکوت و زیندان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بووە.

پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٩، زارا محەممەدی، بە تۆمەتی دروستکردنی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی نەتەوەیی لەلایەن لقی یەکی داداگی ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سنە بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و ئەم حوکمە لە لقی چواری دادگای پێداجوونەوەی سنەدا، بە سەرۆکایەتیی دادوەر مستەفا تەیاری بە پێنج ساڵ زیندان گۆڕدرا.