کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم تۆمەتباری سەرەکیی هێرشی درۆنی بۆ سەر کەشتییەکانی کەناراوەکانی هیندە

11:47 - 3 بەفرانبار 2723

دوو ئاژانسی کەشتیرانی، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بەفرانبار ڕایانگەیاند کە درۆنێک لە دەریای هیندەوە کەشتییەکی بازرگانیی کردووەتە ئامانج و ڕاپۆرتەکانیش باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی ئێران ئەو هێرشەی ئەنجام داوە.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ''پنتاگۆن''، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، درۆنێک لە خاکی ئێرانەوە ئەو کەشتییەی لە کەناراوەکانی هیند کە بەرهەمەکانی شیمیایی هەڵگرتبوو، کردووەتە ئامانج.

لە بەیاننامەکەی پێنتاگۆندا هاتووە: کەشتی کەم پلۆتۆ، کەشتییەکی هەڵگری باری بەرهەمی شیمیایی بە ئاڵای لیبریای کە خاوەنەکەی ژاپۆنە، ڕۆژی شەممە نزیکەی کاتژمێر ١٠ی بەیانی، لە ٢٠٠ مایلی کەناراوەکانی دەریایی هیندەوە، لەلایەن درۆنیکی خۆتەقێنەوە کراوەتە ئامانج.

وتەبێژی پێنتاگۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم درۆنە هێرشبەرە لە خاکی ئێرانەوە ڕەوانەی ئەو کەشتییە کراوە.

هاوکات کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا کە تا ئێستا لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە ئەو درۆنەی کە کەشتییەکی بازرگانیی لە دەریای هیند کردووەتە ئامانج، ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە هاویشتراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم هێرشە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و لەلایەن تیمی کەشتییەکەوە کوژێنراوەتەوە، لەم هێرشەدا هیچ زیانێک بە پێرسۆنیلی ئەم کەشتییە نەگەیشتووە.

ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان تۆمەتبار کراوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لە سەرەتای شەڕی غەززە لە ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵەوە، ئەمریکا ڕاستەوخۆ تاران بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان تۆمەتبار بکات.

هەندێک لە سەرچاوەکان ئەگەری ئەو هێرشە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بۆ قسەکانی عەلی خامنەیی دەگەڕێنەوە کە ڕۆژی شەممە داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد لە گەیشتنی کاڵا، نەوت و سووتەمەنی بە ئیسرائیل ڕێگری بکەن.