کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی عەرەب ڕەخنەیان لە بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت گرت

12:04 - 3 بەفرانبار 2723

یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبی ڕەخنەیان لە بڕیارەکەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر شەڕی غەززە گرتووە و ڕایانگەیاندووە کە ئەو بڕیارنامەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە گونجاو نییە.

ئەحمەد ئەبولغەیز سکرتێری گشتیی یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبی لە کاردانەوە بەم بڕیارنامەیە وتی: ئەم بڕیارە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە گونجاو نییە و تەنیا پێش بە برسییەتی لە غەززە دەگرێت و دەبێ بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی غەززە، لەسەر ڕاگرتنی یەکجاری شەڕ کار بکرێت.

ئانتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەم بڕیارنامەیەی شۆرای ئەمنییەت ڕایگەیاند، ڕاگرتنی مرۆڤانەی شەڕ تەنیا ڕێگەی یارمەتیدان بە خەڵکی غەززەیە و داوای لە گرووپی حەماس کردووە تاکوو بە بێ هیچ مەرجێک بارمتەکان ئازاد بکات.

لەلایەکی دیکەوە "ئێلی کۆهێن" وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کاردانەوە بەم بڕیارە لە ئەژماری "ئیکس"ی خۆیدا نووسیویەتی: ئیسرائیل تا ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و لەنێوبردنی حەماس لە غەززە شەڕ دەکات.

کۆهێن زیادی کردووە ئیسرائیل بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان درێژە بەم شەڕە دەدات و چاوەدێریی یارمەتییەکان بۆ نێو غەززە دەکات تاکوو بە دەستی چەکدارانی حەماس نەگەن.

شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ١ی بەفرانبار پاش وتووێژێکی چەند ڕۆژە بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک خوازیاری زۆربوونی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە بوو.

دەقی بڕیارنامەکە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ ناکات و پاش پەسەندکرانی شەڕ لە غەززە بەردەوامە.