کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی خامنەیی نیگەرانی بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانە

12:32 - 3 بەفرانبار 2723

عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە دوایین دەرکەوتن و چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ خەڵکی خووزستان و کرمان داوای لە خەڵک کرد کە خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و دەنگدانێکی بەشکۆ ئامادە بکەن و وتی کە بەڕێوەچوونی دەنگدانێکی بەشکۆ بە بەشداریی خەڵک، دەبێتە هۆی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکگرتنی نەتەوەییش لەگەڵ بەشداریی بە‌هێزی خەڵک دەبێتە هۆی هێز و ئەمنییەت.

خامنەیی بە مەبەستی ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، باسی لەوە کردووە کە بەشداریی کەمی خەڵک، دەبێتە هۆی لاوازبوونی مەجلیس لە پێراگەیشتن بە کێشەکان و بە بێ هەڵبژاردن، کۆمەڵگە بەرەو دیکتاتۆری و ئاڵۆزبوون دەچێت.

بڕیارە ١١ی ڕەشەمەی ئەمساڵ هەڵبژادنی ڕێژیم بەڕێوە بچێت، بەڵام تاکوو ئێستا تەنانەت ڕێفۆرمخوازەکانیش خۆیان بەربژێر نەکردووە.

هەروەها چەندین گرووپی نزیک لە محەممەد خاتەمی و حەسەن ڕووحانیش ڕایانگەیاندووە کە خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە بەربژێر ناکەن.

بەپێی ڕاپرسییەک کە لەلایەن ناوەندی هەڵسەنگاندی هزری خوێندکارانی "ئیسپا"وە ئەنجام دراوە  تەنیا ٢٧ لەسەدی خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا بەشداری دەکەن.

شانۆی هەڵبژاردنی ئەمساڵی ڕێژیمی ئێران یەکەمین هەڵبژاردنە کە لە دوای شۆڕشی ژینا بەرێوە دەچێت و بە هەڵسەنگاندی دۆخی یەک ساڵی ڕابردوو، وێدەچێت کە بەشداریی خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا، کەمترین ئاستی بەشداری لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بێت.

بەرپرسانی ڕێژیم و عەلی خامنەیی ترسیان لێ نیشتووە چونکە دەزانن جارێکی دیکە "نا"ـیکی گەورە لەلایەن خەڵکەوە وەردەگرن.