کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران یەکێک لە چارەڕەشترین وڵاتەکانی جیهانە

17:27 - 3 بەفرانبار 2723

ئامارە فەرمییە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا هەشتەمین وڵاتی چارەڕەش لە جیهاندا بووە.

لێکۆڵینەوە و ئامارەکانی سندووقی نێونەتەوەیی دراو دەریدەخات کە ڕێژەی چارەڕەشی لە ساڵی ٢٠٢٢  گەیشتووەتە ژمارەی ٥٧ کە بەرزترین ئاستی چارەڕەشی لە مێژووی ٣ دەیەی ڕابردووی ئێرانە.

سەرنجدانی داتاکانی سندووقی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوەی جیهانیی کار، دەریدەخات کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابڕدوودا، ئێران بۆ ماوەی ١٤ ساڵ یەکێک لە ١٢ وڵاتی یەکەمی جیهان لە پێڕستی چارەڕەشترین وڵاتانی جیهاندا بووە.

پێوەری چارەڕەشی کۆی نرخی هەڵاوسان و بێکارییە کە لە ساڵی ١٩٧٠ی زایینییەوە وەک ئامرازێک بۆ پێوانی قەیرانی ئابووریی وڵاتان بەکار دەهێنرێت.

ئەم پێوەرە یەکێک لە باوترین ئاماژەکانی ئابووریی سیاسی، بۆ پێوانەی قەیرانی بژێوی ژیانە.

شایانی باسە کە ساڵی ١٣٨٨ هەتاویدا و لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکان لە ئێران، موحسن ڕەزایی بەربژێری سەرۆککۆماریی لە بەرنامەیەکی تەلەویزیۆنیدا باسی لەم پێوەرە کرد و دانی پێدا نا.

لە ئێستادا و پاش ١٤ ساڵ، داتاکانی ئەم پێوەرە باس لە دوو قاتبوونەوەی چارەڕەشی لە ئێراندا دەکەن.

بە وتەی ئابووریناسان، پێوەری چارەڕەشی ئاماژە بە دژواری ژیانی خەڵک دەکات و هەرچەندە پێوەرەکە لە وڵاتێکدا بەرزتر بێت، تێچووی ئابووری و کۆمەڵایەتیی زیاتر دەبێت و لە ئەنجامدا ڕێژەی خۆشبژێویی خەڵک کەم دەکاتەوە.

هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە کە پێوەرەکە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ڕێژەی تاوان لە کۆمەڵگەدا هەیە، بەشێوەیەک کە  تا ئەم پرسە ئابوورییە زیاد بکات، ئاسایشی کۆمەڵایەتی زیاتر دەکەوێتە مەترسییەوە.