لە درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی توێژە جیاوازەکان سەبارەت بە دۆخی خراپی بژێوی ژیان و گوێنەدان بە داواکارییەکانیان، ڕۆژی شەممە ٢ی بەفرانبار، لانیکەم ٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ''هێرانا'' ڕۆژی شەممە، کۆمەڵێک لە بەڕێوەبەرانی وێستگەی کارەبا لە بەردەم ڕێکخراوی کاروباری کار لە تاران، کۆمەڵێک پەرستار لە بەردەم فەرمانداریی کرماشان و ژمارەیەک لە کرێکارانی کاغەزسازیی شیرکەتی دیبا لە شووشتەر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوایان کرد کە داواکارییەکانیان چارەسەر بکرێت.
هەروەها کۆمەڵێک لە کرێکارانی کارخانەی پۆڵا لە ئەهواز مانیان گرت و له ناڕەزایەتی به پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکانیان لە شوێنی کارەکەیان کۆ بوونەوه .
ناڕازییان خوازیاری چارەسەرکرانی کێشەی بژێوی ژیان، زیادکردنی مووچە و نەمانی هەڵاواردن و گەندەڵی بوون.
دۆخی خراپی ژیان و گرینگینەدانی ڕێژیم بە داواکاریی فەرمانبەران، خانەنشینکراوان و باقی توێژەکانی کۆمەڵگە وای کردووە کە هەموو ڕۆژێک لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە بچێت، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم جگە لە سەرکوت، دۆسییەسازیی ئەمنییەتی و تۆمەتی جۆراجۆر، هیچ وڵامێکیان نەبووە.