کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیبراهیم ڕەئیسی داوای گشتپرسی بۆ پشتیوانی لە فەلەستین دەکات

14:15 - 13 سەرماوەز 2723

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، پێشنیاری کرد کە وڵاتانی دیکە لەوانە ژاپۆن بۆ تێگەیشتن لە ئاستی پشتیوانییەکان لە مافی خەڵکی فەلەستین ڕیفراندۆم بەڕێوە ببەن.

ڕەئیسی لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن باسی لەوە کردووە کە وڵاتانی ڕۆژاوایی لەم گشتپرسییە دەترسێن.

ناوبراو لەم وتووێژەدا باسی لەوە نەکرد کە بۆچی ڕیفراندۆمێکی لەو شێوەیە بۆ فەلەستین لە ئێران ئەنجام نادرێت و لە پێشنیارەکەیدا باسی بەشداریی ئێران لەم گشتپرسییەی نەکردووە.

پێشتریش بەشێک لە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردبووەوە کە سەرەڕای دەسپێکردنەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، خەڵکی ئێران وەک ئەوەی ڕێژیم چاوەڕوانی دەکات، پشتیوانی لە فەلەستینییەکان ناکەن.

ڕۆژنامەی ''ئێعتماد'' لە ڕاپۆرتێکدا پشتڕاستی کردەوە کە خەڵکی ئێران وەک خەڵکی وڵاتانی دیکە بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان نایەنە سەر شەقامەکان.

سەرەڕای داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر لە ئێران، لەوانە دۆسییەی ناوکی و حیجابی زۆرەملێ و پرسە سیاسییەکانی دیکە، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران هەر پێشنیارێکی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر ئەو پرسانە ڕەت کردووەتەوە.