کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

10:59 - 4 بەفرانبار 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی سەرماوەز، کاک ئیبراهیم زولفەقاری، ناسراو بە برایم عەینە، ئەندامی حیزب و کەسایەتیی ناوداری شارەکانی شنۆ و نەغەدە، بە هۆی نەخۆشییەوە، لە نەخۆشخانەیەکی تاران و لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.

کاک برایم هەر لە سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە وەک ئەندامێکی هەڵسووڕ و چالاکی حیزبی دێموکرات دژ بە سیاسەتی ئاخوندەکان وەستاوەتەوە و هەڵوێستی توندی هەبووە.

ناوبراو بە لەقاودانی پیلانە دژی گەلییەکانی ئاخوندەکان بەتایبەت حەسەنی ئیمام جومعە و نوێنەری خومەینی لە ورمێ و پاسدار مەعبەدی بۆ ئاژاوەنانەوە لە نێوان دوو نەتەوەی کورد و ئازەریی ئەو ناوچەیەدا، هەڵوێستی هەبووە.

کاک برایم ئەرکی پێئەسپێردراوی حیزبیی بە دڵسۆزی و هەست بە بەرپرسایەتییەوە دەگرتە ئەستۆ و بەڕێوەی دەبرد.

برازایەکی کاک برایم بە ناوی حەبیبوڵڵا ذولفەقاری، لە ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلدا شەهید بووە و چووەتە ڕیزی کاروانی نەمرانی گەلەوە.

تەرمی کاک برایم لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی نیشتمانپەروەری شاری نەغەدە و لە گۆڕستانی کوردانی ئەو شارە بە خاک سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەماین دەزانێت.