کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی بریتانیا بە ئێران: چیدیکە هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان قەبووڵ ناکرێت

11:09 - 4 بەفرانبار 2723

لە حاڵێکدا کە پەلامارە یەک لەسەر یەکەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتیەکان نیگەرانییەکی زۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە، وەزیری دەرەوەی بریتانیا بە ئاماژەدان بە کاریگەریی زیانبەخشی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و لە جیهاندا هۆشداری دا کە چیدیکە هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان قەبووڵ ناکەین.

دەیوید کامێرۆن، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ''ساندەی تەلەگراف'' کە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بەفرانبار بڵاو کرایەوە، نیگەرانی خۆی لە چالاکییە تێکدەرانەکانی ئێران دەربڕی و نیگەرانییەکانی بەم شێوەیە خستەڕوو: "حەماس، حوسییەکان، حیزبوڵڵا، میلیشیاکانی عێراق کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و بنکە سەربازییەکانی بریتانیا و ئەمریکا دەکەنە ئامانج".

وەزیری دەرەوەی بریتانیا وتی: ''زۆر گرینگە کە ئێران ئەم پەیامە ڕوونە وەربگرێت، ڕەوتی زیادبوونی گرژیەکان قەبووڵ ناکرێت''.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە لەندەن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کار لەسەر کۆمەڵێک ڕێوشوێنی بەهێزی ڕێگریکردن لە دژی ئێران دەکات و جەختی لەوە کردەوە کە ئەنجامدانی ئەم کارە زۆر گرینگە و پاشان زیادی کرد: ''ئاستی مەترسی و نائەمنی لە جیهاندا بە بەراورد لەگەڵ ساڵان و دەیان ساڵی ڕابردوو زۆر زیادی کردووە و مەترسی ئێرانیش بەشێکە لەو ڕوانگەیە.''

بریتانیا یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو هاوپەیمانییە کە بەم دواییە ناوی لێنراوە "پارێزەری ئاسایش" و ئامانجی کۆتایی هێنانە بە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان.

دە ڕۆژ لەمەوبەر بریتانیا سزای نوێی بەسەر ژمارەیەک بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا لەوانە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سپای قودس و ٦ فەرماندەی تری سپای پاسداران بەهۆی هاوکارییەکانیان لەگەڵ حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستین سەپاند.