کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە ڕێگەی یاسای بنەڕەتییەوە پشتیوانی لە غەززە دەکات

14:16 - 13 سەرماوەز 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی سەرماوەز، لە میانەی سێمینارێکدا کە تێیدا باس لە جێبەجێکردنی یاسایی بنەڕەتی کراوە، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیم جەختی لەسەر پشتیوانی لە غەززە، بەپێی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم کردووەتەوە.

ڕەئیسی لەمبارەوە وتویەتی: پشتیوانیی ئێمە لە غەززە و فەلەستین بەپێی یاسای بنەڕەتییە.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە پشتیوانی لە چەوساوەکان بەشێک لە بنەماکانی یاسای بنەڕەتییە، هەر بۆیە لە سەرەتای شۆڕشیشەوە پاڵپشتی لە فەلەستین پرسی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی بووە.

قسەکانی ڕەئیسی سەبارەت بە پشتیوانی لە فەلەستین، لە حاڵێکدایە کە مافی خەڵکانی چەوساوەی ئێران بە بەردەوامی لەلایەن خودی ڕێژیمەوە پێشێڵ دەکرێ.

زۆربەی بەند و ماددەکانی یاسای بنەڕەتی، نیشاندەری هەڵاواردن دژی خەڵکانی ئێرانن و لە لایەکی تریشەوە، بچووکترین مافی دیاریکراوی خەڵکیش کە لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا ئاماژەی پێ کراوە، لەلایەن ڕێژیمەوە ڕەچاو ناکرێ.