کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بەراورد لەگەڵ هەر سێ هاوسەرگیری لە ئێراندا یەک جیابوونەوە ڕووی داوە

10:51 - 5 بەفرانبار 2723

ناوەندی تۆمارکردنی باری کەسێتیی ڕێژیم ئامارێکی سەبارەت بە هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە ماوەی ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە ئێراندا بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ئەم ئامارە، لە ماوەی ئەم چوار مانگەدا، ١٩٩ هەزار و ٧٢٤ هاوسەرگیری و هاوکات ٦٥ هەزار و ٣٥٤ جیابوونەوە تۆمار کراوە کە بەم پێیە، بە بەراورد لەگەڵ هەر سێ هاوسەرگیری، یەک جیابوونەوە ڕووی داوە.

ناوەندی تۆمارکردنی باری کەسێتیی ڕێژیم بە ئاماژە بە ئاماری تۆمارکراو ڕایگەیاندووە کە  پارێزگاکانی مازەندەران بە ٤٨لەسەد، تاران بە ٤١ لەسەد، گیلان بە ٤٠ لەسەد و خوراسان بە ٤٠ لەسەد، زیاترین ڕێژەی جیابوونەوەیان بە بەراورد لەگەڵ ئاماری هاوسەرگیری هەبووە.

خاڵی سەرنجڕاکیش لەم ئامارەدا، لەسەرەوەبوونی ئاماری جیابوونەوە لە قوم و مەشهەد بووە کە ئەمە نیشان دەدات بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی ڕێژیم، پێگەی ئایینیی ئەم شارانەش نەیتوانیوە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە بێت.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتی ڕوونی ڕێژیم، هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی حەشیمەت لە ئێران بووە و کەمبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری بەپێی ئەم ئامارە، لەگەڵ سیاسەتی ئێستای ڕێژیم بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت ناتەبایە.

کێشەی ئابووری یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری و لە هەمان کاتیشدا هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە لە ئێرانە.