کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم سەبارەت بە ناشتی تەرم لە گۆڕستانەکانی سەقز بڕیاری نوێی دەر کردووە

10:54 - 5 بەفرانبار 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دادستانیی شاری سەقز، بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک شارەداریی سەقزی ڕاسپاردووە تاکوو ناوەندە پێوەندیدارەکان سەبارەت بە ناشتنی تەرمی مردووەکان لە گۆڕستانەکانی سەقزدا، بەپێی ڕێوشوێنی دیاریکراوی ڕێژیم ئەرکدار بکات.

دادستانیی شاری سەقز ، بە دەرکردنی بڕیارێک بۆ کۆمەڵێک ناوەندی ڕێژیم، پێی ڕاگەیاندوون کە بە بێ ئیزنی ئەم ناوەندە، مافی ناشتنی تەرمیان لە گۆڕستانەکانی نێو شاردا نییە.

ئەو ناوەندانەی ڕێژیم کە بڕیارەکەیان پێ گەیشتووە بریتین لە : فەرماندەیی ئینتیزامیی شاری سەقز، ناوەندی بێهداشتی سەقز، پزیشکی دادوەری، ئورژانس و ئاگرکوژێنەوە.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا و لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، گۆڕستانەکان لە شارەکانی کوردستان، یەکێک لە شوێنە گرینگەکان بۆدەربڕینی نارەزایەتییەکان بوون و ترسی رێژیم لەم بابەتە وای کردووە کە ئەسپەردەکردنی تەرمەکان بە ئیزنی خۆی و لە ژێر چاوەدێڕیی چڕدا بەڕێوە ببات.