ستادی ناوەندیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،''سێنتکام''، ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانبار، ڕایگەیاند، لە کاردانەوە بە هێرشی میلیشاکانی کەتائێب حیزوبوڵڵا بۆ سەر پایەگای هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریە، هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی گرووپی کەتائێب حیزبوڵڵا.
هێرشەکانی ئەمریکا دوابەدوای ئەوە بوو کە بنکەیەکی سەربازی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە هەولێر لەلایەن درۆنی خۆتەقێن کراوەتە ئامانج.
بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لەم هێرشەدا سێ سەربازی ئەم وڵاتە بریندار بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکام، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا ئەو شوێنانەی کە پێوەندییان بە چالاکییەکانی درۆنیی میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران لە عێراق هەبووە، هێرشیان کراوەتە سەر و لەنێو براون. هەروەها سێنتکام ڕایگەیاند کە ڕەنگە چەند میلیشیا لەم هێرشانەدا کوژرابن.
لەو بارەوە سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق ڕایانگەیاند، لەو هێرشانەدا سێ شوێنی عێراق کە هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران تێدا چلاکیی دەکەن کراونەتە ئامانج، لانیکەم ئەندامیکی ئەو گرووپە کوژراوە و ٢٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.
جیگەی ئاماژەیە کە دوابەدوای هێرش بۆ سەر بنکەکانی هێزی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، چالاکییەکانی ئەو فڕۆکەخانەیە بۆ ماوەیەک ڕاگیرا.
لە سەرەتای شەڕی غەززەوە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران زیاتر لە ٨٠ جار بنکەکانی ئامریکایان لە عێراق و سووریە کردووەتە ئامانج و ئەمریکاش چەندین جار تۆڵەی کردووتەوە.