کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە ٢٦ هەزار کەس لە ئێراندا بە هۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەست دەدەن

14:18 - 13 سەرماوەز 2723

سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، داریووش گوڵعەلیزادە بە ماڵپەڕێکی سەر بە ڕێژیمی ڕاگەیاندووە، کە لە بەدواداچوونەکانی وەزارەتی تەندروستیدا دەرکەوتووە کە لە ساڵی ڕابردوودا و لە  ٣٣ شاری ئێراندا بەهۆی پیسبوونی هەوا، ٢٦ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.

بە وتەی ناوبراو، تەنیا لە شاری تاران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە هۆی پیسبوونی هەوا ٦ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.

ناوبراو بێنزین و ماشینە ناستانداردەکانی بە هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی هەوا لە ئێراندا ناو بردووە و وتوویەتی ئێستا نزیک بە ٧ میلیون ماشینی کۆن لە ئێراندا هەیە.

لە لایەکی دیکەوە لە بەشێکی هەرە زۆری پاڵاوتنگەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان لە ئیراندا مازووت دەسووتێندرێت کە ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوای شارەکان.

مامۆستایەکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تارانیش  لەبارەی پیسیی هەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ وتی کە باندۆری پیسیی هەوا لە "كۆڤید ١٩" زۆرترە و دەبێتە هۆی نەخۆشی و هەوکردنی سییەکان.

لە کاتی زۆربوونەوەی رێژەی پیسبوونی هەوا لە شارەکانی ئێراندا، ڕێژیمی ئێران  بۆ چارەسەری ئەو کارەساتە ژینگەییە تەنیا قوتابخانەکان دادەخات، ئەمە لەحاڵێکدا کە ئەو پیسییە کاریگەری لەسەر تەندرووستی هەموو تەمەنەکان دادەنێت و پێویستی بە ڕێگەچارەی گونجاوترە.