کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل: شەڕی غەززە چەند مانگێکی دیکە درێژەی دەبێت

10:37 - 6 بەفرانبار 2723

فەرماندەی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ گرووپی حەماس بۆ چەند مانگێکی دیکە درێژەی دەبێت.

ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانبار، هەرزی هەڵێڤی، فەرماندەی ئەرتەشی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "شەڕ لە دژی حەماس بۆ چەند مانگێکی دیکە بەردوام دەبێت و ئێمە بە ڕێگەی جیاوازەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی کە دەستکەوتەکانمان بپارێزین".

ناوبراو وتوویەتی: "هیچ ڕێگەیەکی کورت نییە کاتێک کە باس لە هەوڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەکرێت، جگە لە سەرسەختی و ئیرادە لە شەڕەکەدا".

 بە وتەی ئەم فەرماندەیە، ئەرتەشی ئیسرائیل، سەرنجی خستووەتە سەر باشووری لێواری غەززە و ژمارەیەکی زۆر چەکداری حەماسیشی بەدیل گرتووە.

 ئەوە لەحاڵێکدایە وڵاتی میسر بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە لە هەوڵی جێبەجێکردنی پلانێکی گەورە بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکاندایە.

 لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە کە هەریەک لە گرووپی حەماس و جیهادی ئیسلامی دەستپێشخەرییەکەی میسریان ڕەت کردووەتەوە.

دوو مانگ و نیوە شەڕی گرووپە میلیشیاکانی لێواری غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە و بەپێی ئاماری تەندروستیی لێواری غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئەو ناوچەیە، نزیک ٢١ هەزار فەلەستینی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و ٢٠٠ کەس کوژراون.