کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی سەبارەت بە ئێران نیگەرانیی ئەمریکای لێ کەوتەوە

11:16 - 6 بەفرانبار 2723

وتەبێژی شۆرای ئەمنییەتی نیشتمانی کۆشکی سپی، ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانبار، وتی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی سەبارەت بە زیادبوونی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو بە ئاستیکی بەرز لە ئێران، زۆر نیگەرانە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز''، ئادرین باسی لەو کردووە کە پەرەسەندنی گرژییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لەکاتێکدا کە گرووپەکانی سەر بەو ڕێژیمە چالاکییە مەترسیدار و ناسەقامگیرکەرەکانی ناوچەکە، لەوانە هێرشی درۆنی و مووشەکی درێژە دەدەن، نیگەرانییەکی زۆری دروست کردووە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی سەبارەت بە دووبارە بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆم لە ئێران هۆشداریی دابوو و ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە خێرایی و ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی بە پیتاندنی ٦٠ لەسەد کە ڕێژەیەکی نزیکە بۆ بەرهەمێنانی چەک ناوکی، زیاد کردووە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی ساڵانێکە سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی هۆشداری دەدات و ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپاش بەهۆی پێشخستنی بەرنامەی گوماناویی پیتاندنی ئۆرانیۆم سزایان بەسەر ڕێژیم و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەدا سەپاندووە.