ڕۆژی دووشەممە ٤ی بەفرانبار، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە سەید ڕەزی مووسەوی، کۆنترین ڕاوێژکاری سپای پاسدارانی ڕێژیم وهاوڕێی نزیکی قاسم سولێمانی تێرۆریست، کوژرا. کوشتنی ناوبراو کاردانەوەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتەوە و بەتوندی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دەکەن.
"ئیرەج مەسجێدی" ڕاوێژکاری فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسداران وتی: ئەگەر ئیسرائیل بیهەوێ هێرش بکاتە سەر ئێران لەگەڵ خاک یەکسانی دەکەین.
هەروەها باسی لە هێزە نیابەتییەکان کرد کە ڕێژیم پشتیوانیان لێ دەکات و وتی کە لە ئێستادا ئەو هێز و گرووپانە لە ناوچەدا زۆر بەهێز بوون و خۆیان توانای شەڕکردنیان هەیە، و پێویست بە دەستێوەردانی ئێران ناکات.
محەممەد باقری، سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم وتی: ئیسرائیل لە کوشتنی سەید ڕەزیدا تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە، و بێشک ئەو جینایەتەی بێوڵام نامێنێتەوە.
لە درێژەی هەڕەشەی کاربەدەستانی ڕێژیمدا، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران، ڕەزا تەڵایی نیک وتی کە کاردانەوە بە کوشتنی سەید ڕزی مووسەوی زیرەکانە و یەکلاکەرەوە دەبێت.
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێرانیش لەمەڕ کوشتنی ئەو تێرۆریستە لە سووریە کاردانەوەی نیشان دا و وتی کە سەید ڕەزی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی قاسم سولێمانی بوو، ئێسرائیل دەبێ تاوانی ئەو کارەی خۆی بداتەوە.
دوابەدوای کوشتنی ئەو کاربەدەستی ڕێژیم و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، هێزەکانی ئیسرائیل بۆ وڵامدانەوەی هەر چەشنە هێرشێک کە لە سووریە و لوبنان بکرێتە سەریان، کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
سەید ڕەزی مووسەوی لە دەیەی هەفتای هەتاوییەوە، بەرپرس و پشتیوانی لۆجێستیکی هێزی قودسی سپای پاسداران لە سووریە بووە و ڕۆڵێکی گرینگی لە پشتیوانیکردنی بەشار ئەسەد لە شەڕی سووریە و لوبناندا هەبووە.