کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە بڕیارێکی نوێدا، وێنەگرتن لە سەر و قژی ژنانی وەرزشوانی قەدەغە کرد

12:01 - 6 بەفرانبار 2723

ڕۆژنامەی ئێعتێمادی ڕێژیم ڕۆژی سێشەممە ٥ی سەرماوەز، باسی لەوە کرد کە ڕێژیم لە بڕیارێکی نوێدا، ڕێوشوێنی تایبەتی دیاری کردووە تاکوو چیدیکە دەست و قژی وەزرشوانانی ژن لە وێنە وەرزشییەکانیاندا دیار نەبێ.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە، ئەم بڕیارە کە بە شێوەی زارەکی ڕاگەیەندراوە، ژنانی وێنەگری ئەرکدار کردووە بەوەی کە وێنە لەو وەرزشوانە ژنانە نەگرن کە قژیان بە دەرەوەیە یان قۆڵی جلەکانیان هەڵ دراوەتەوە، چونکە لە ئەگەری گرتنی وێنەکەشدا، مافی بڵاوکردنەوەی وێنەکەیان پێ نادرێت.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە فێدراسیۆنی فووتباڵ، خۆی دانە دانە چاوەدێری بەسەر وێنەکاندا دەکات.

تاکوو ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە ئەم بڕیارە لەلایەن چ ناوەندێکی ڕێژیمەوە دراوە.

شایانی باسە کە کە ژنانی وێنەگر مافی بەشداربوونیان لە هیج کێبڕکێیەکی وەرزشی پیاوانیان نییە.

هەڵاواردن و سنوودارکردنی مافی ژنان لەلایەن ڕێژیمەوە لەکاتێکدا پەرە دەستێنێت کە بەشداریی ژنانی وەرزشوان بە بێ حیجابی زۆرەملێ لە کێبڕکێ جیهانی و نێوخۆییەکان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، تەنگی بە ڕێژیم هەڵچنیبوو و ناڕەزایەتیی هەندێک لە دامەزراوەکان و کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمی لێ کەوتبووەوە.