کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان و ئێران

12:30 - 6 بەفرانبار 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی توێژە جیاجیاکان لە کوردستان و ئێران، ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم ٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارە جیاوازەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانبار، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی شارەداریی تاران لە بەردەم بینای شارەداریی ئەم شارە و کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوان لە ئەهواز و کرماشان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری ڕەچاوکردنی داواکارییەکانیان بوون.

کۆمەڵێک لە کرێکارانی کارخانەی پۆڵاسازی لە ئەهواز بۆ چوارەمین ڕۆژ نەچوونە سەر کارەکەیان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. هاوکات کۆمەڵێک لە زێرفڕۆشەکان لە تاران و ئەردەبێڵ و ژمارەیەک لە کرێکارانی شیرکەتی گەشەپێدانی پیشەسازی بیرینگی ئێران لە تەورێز مانیان گرت.

ڕۆژی دووشەممە ٤ی بەفرانبار، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی موخابرات لە بەردەم بیناکانی ئیدارەی موخابرات لە بۆروجێرد و بۆجنوورد ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناڕەزایەتیی ئەو توێژانەی کۆمەڵگا بۆ 'گوێنەدان بە داواکارییەکان، خراپی بارودۆخی ژیان، زیادنەکردنی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزاریی خۆشگوزەرانی، کێشەی بیمەی دەرمانی و چەندین کێشە و گرفتی دیکە' دەگرێتەوە کە هەتا ئێستا لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە نە تەنیا ئاوڕێکیان لێ نەدراوە، بەڵکوو لە هێندێک حاڵەتدا ناڕازییان سەرکوت کراون.