کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی پەنجا ڕۆژدا پێنج قوتابیی خەڵکی ئاودانان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە

16:49 - 6 بەفرانبار 2723

لە ڕۆژانی رابردوودا ڕۆژنامەی "ئێعتماد" سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی ڕابردوودا پێنج قوتابیی خەڵکی شاری ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئەو پێنج قوتابییە کە یەکیان کوڕ و چواریان کچ بوون لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئەم قوتابییانە هەر پێنجیان قوتابی پۆلی یەکەم و دووەمی دواناوەندی بوون کە نێونجی تەمەنیان دەکاتە ١٣ هەتا ١٩ ساڵ و تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی خۆکوژییەکەیان ڕوون نەبووەتەوە.

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا بڵاو کراوەتەوە کە لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوو دا ٦ کرێکاری پترۆشیمیی "چەوار" لە پارێزگای ئیلام بەهۆی خراپبوونی دۆخی ئابوورییەوە هەوڵی خۆکوژیان داوە، و دوو لەو کرێکارانە گیانیان لەدەست داوە.

ساڵانێکە ئاماری خۆکوژی لە پارێزگای ئیلام بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز بووەتەوە.

ئیلهام قاسمی نەژاد، بەرپرسی تەندرووستیی ئاودانان ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ڕابردوودا لەو شارە دا ١٢٠ کەس و لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵیشەوە تا کۆتایی هاوین ١١ قوتابی هەوڵی خۆکوژییان داوە.

کێشەگەلی ئابووری و بێکاری لە سایەی دەسەڵاتی تاران، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە سەرکیترین هۆکارەکانی خۆکوشتنی هاووڵاتییانە.

بە پێی دوایین ئاماری بێکاری لە ئیلام ٢٥.٥ لە سەدی ژنان و ٢٣.١ لە سەدی گەنجانی ئەو پارێزگایە بێکارن.