کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماس لێدوانێکی وتەبێژی سپای پاسدرانی ڕەت کردەوە

10:58 - 7 بەفرانبار 2723

ڕەمەزان شەریف، وتەبێژی سپای پاسداران، لە پرێس کۆنفراسێکدا باسی لەوە کرد کە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ١٥ی ڕەزبەردا، تۆڵەکردنەوەی بەرەی موقاومەت لە کوژرانی قاسم سلێمانی بووە.

حەماس لە بەیاننامەیەکدا کە لە کاناڵەکانی تێلێگرامی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕاستبوونی لێدوانەکانی ڕەمەزان شەریفی ڕەت کردەوە و نووسیویەتی: ئێمە چەندین جار پاڵنەر و هۆکارەکانی خۆمان بۆ جێبەجێکردنی تۆفانی ئەقسا دووبارە کردووەتەوە، کە بە پلەی یەکەم ئەو مەترسیانەن کە هەڕەشە لە مزگەوتی ئەقسا دەکەن.

حەماس هەروەها وتوویەتی: هەموو چالاکییەکانی بەرەی موقاومەتی فەلەستین لە وڵامی ئیسرائیل و بەردەوامیی دوژمنایەتی لەگەڵ گەلەکەمان و شوێنە پیرۆزەکانی ئیمەیە.

دوو مانگ و نیوە شەڕی ئیسرائیل و گرووپە میلیشیاکانی فەلەستین کە لەلایەن ڕێژیمی ئیرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەردەوامە و بەپێی ئامارەکان لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئەو ناوچەیە نزیک ٢١ هەزار فەلەستینی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و ٢٠٠ کەس کوژراون.