کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک واڵتز: تا ئێران پارەی هەبێت، تێرۆریزم لەنێو ناچێت

11:26 - 7 بەفرانبار 2723

مایک واڵتز نوێنەری کۆماریخوازی پارلمانی ئامریکا ڕۆژی سێشەممە ٥ی سەرماوەز لە وتووێژێکدا وتی: تا ئەو کاتەی ئێران پارەی هەبێت، تێرۆریزم گەشە دەکات.

واڵتز لەم وتووێژەیدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" سەبارەت بە شەڕی غەززە ڕایگەیاندووە دەوڵەتی بایدێن لە دوای کۆتایهاتنی شەڕی غەززە بۆ پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل دەبێت سیاسەتەکانی لەهەمبەر ڕێژیمی ئیسلامی بگۆڕێت.

واڵتز بۆ فاکس نیوزی ڕوون کردووەتەوە کە دەوڵەتی ئامریکا دەتوانێت بە گۆڕێنی سیاسەتی خۆی لەهەمبەر ئێران و گەڕاندنەوەی لانیزۆری گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیم، پێش بە پڕبوونی خەزێنەکانی ڕێژیم بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم بگرێت.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی ئەمریکایی "هێڵ" لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئامریکا، پاش برینداربوونی ٣ سەربازی ئامریکایی لە هێرش بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی لە هەولێر کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، فەرمانی هێرش بۆ سەر چەند ناوچەی لە عێراق دەرکرد.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە سەرۆککۆماری ئەمریکا پاش ئاگاداربوونەوەی لە هێرشەکە بەپەلە فەرمانی هێرشی بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕاگەیاندووە.

لەم هێرشانەدا چەند بنکە و بارەگای میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیم کە بەتایبەتی شوێنی درۆنی بۆمبڕێژکراو بوون کرانە ئامانج.