کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی ژنان بۆ بەشداری لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی بە شیاو نازانێ

11:29 - 7 بەفرانبار 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بەفرانبار، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە دیدارێکدا باسی لە دروشمەکانی بەرابەریی ڕەگەزی و دادپەروەریی ڕەگەزی کرد و وتی پرسی شایستەسالارییە کە دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان لە وەرگرتنی بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وەدوا کەون.

خامنەیی بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان، دیارنەبوونی ژنان لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی، بە نەشیاوبوونی خودی ژنان بۆ وەرگرتنی بەرپرسایەتی گەڕاندەوە.

ڕێبەری ڕێژیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە دیاردەی منداڵ ـ هاوسەری کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەبێ کچ و کوڕەکان لە تەمەنێکی گونجاودا ژیان پێکبێنن و ئەوە نابێ بۆ تەمەنی سەرتر دوا بخرێ، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەوە نەدا کە ئەو تەمەنە گونجاوە لە ڕوانگەی ئەوەوە چییە.

خامنەیی دوو ساڵ پێش ئێستاش، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک مەداح و لە ڕاستای ئەرکدارکردنیان بە بانگەشە بۆ پێداگریی لەسەر پێگەی ژنان لە ماڵەوە و ڕۆڵی ئەوان لە بنەماڵەدا و هەروەها بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت وەکوو پێویستیی وڵاتەکەی، ڕێوشوێنی بۆ دیاری کردبوون.

قسەکانی خامنەیی لە کاتێکدایە کە هەڵاواردنی ڕەگەزی یەکێک لە گرینگترین سیاسەتەکانی ڕێژیم لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بووە و هەمیشە ئەرک و ڕۆڵی ژنان لە ماڵەوە پێناسە کراوە، هەر ئەمەش وای کردووە کە کۆمەڵگە لە بەشێکی بەرچاو لە پۆتانسییەلی مرۆیی خۆی، بێبەری بکرێ.