کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاخوندەکان پشتیان لە ڕێژیم کردووە

16:12 - 7 بەفرانبار 2723

عەلی عەبدولڵاهی سەرۆکی ناوەندی پاراستنی دەزگای دادوەریی ڕێژیم لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری قوم، نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند کە دوژمن، دزەی کردووەتە نێو ئاخوند و فەقێکانمان و دەیەوێ کەسایەتی و پێگەیان لە کۆمەڵگە دابەزێنێ.

ناوبراو وتی دەبێ ئەو کەسانە کە لە ڕێگەی دوژمنەوە دزەیان کردووەتە نێو فەقێ دینییەکان بدۆزرێنەوە و ڕێگە نەدەین کە لەمە زیاتر زەربە لە کۆمەڵگەی ئاخوندەکان بدرێت.

دوو حەفتە پێش، گەلاڵەی گۆڕینی ناوەندی پاراستنی هێزی دادوەری بۆ ڕێکخراوی پاراستنی هێزی دادوەری لە مەجلیسدا، پەسەند کرا و بەم پێیە یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی ئەم ڕێکخراوە، ناسینەوەی ڕێگاکانی دزەکردنی دوژمن لە نێوان دادوەر و کارمەندانی هێزی دادوەری و پێشگرتن و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم دزەکردنە ڕاگەیەندرا.

لە ساڵی ٩٨ی هەتاوییەوە تاکوو ئێستا کاربەدەستانی ڕێژیم لەبارەی گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە شاری قوم کە ناوەندی پەروەردەکرنی ئاخوندەکانی ڕێژیم و بڵاوکردنەوەی ئیدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامییە، هۆشداری دەدەن.

هەر لەم پێوەندییەدا، مەکارم شیرازی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم لە خەرمانانی ساڵی ١٤٠٠دا، سەبارەت بە دزەکردنی وڵاتانی دیکە لە شوێنە دینییەکان هۆشداریی دا و جەختی لەسەر وشیاربوونی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو ئاخوندانە کردەوە کە ڕەخنەگرن و هاوتەریبی کۆماری ئیسلامی هەنگاو هەڵناگرن.

لە ساڵی ڕابردووشدا و لە شۆڕشی سەرانسەری گەلانی ئێراندا، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک و هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتەکانی خۆی، شاری قوم یەکێک لەو شارانە بوو کە خەڵکەکەی هاتنە سەر شەقام و لە دژی ڕێژیم ڕاوەستان.