کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆری دەسەڵاتی سیاسی هۆکاری سەرەکیی گەندەڵی و نایەکسانی لە کۆمەڵگەی ئێرانە

16:15 - 7 بەفرانبار 2723

مامۆستایەکی زانکۆ، جۆری دەسەڵاتی سیاسیی ئێرانی بە هۆکاری سەرەکیی نایەکسانی لە کۆمەڵگەی ئێراندا ناو برد و وتی: هەبوونی هێزە نیزامییەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان و ناوەندەکانی دیکە، هۆکاری سەرەکیی گەندەڵی و نایەکسانی لە کۆمەڵگای ئێرانن.

حوسێین ڕاغفەر، مامۆستای زانکۆ و ئابووریناس، لەم ڕاستایەدا باسی لەوە کرد کە لە دوای دەستێوەردانی ناوەند ئەمنییەتی و نیزامییەەکانەوە لە ئابووری وڵاتدا، زیاترین ڕێژەی دەرچوونی سەرمایەمان هەبووە.

ناوبراو مەرجی سەرەکی بۆ چاکسازی لە بواری ئابووریی، بە کۆتاییهاتنی دەستێوەردانی ئەم ناوەندانە لە بواری ئابووریدا زانی.

ڕاغفەر جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بەرپرسانی ڕێژیم و خاوەن سەرمایەکانیش دەبێ بەشی خۆیان لە ماڵیات بدەن تاکوو دەرفەتی گەشە لە لاوان زەوت نەکرێ.

دەستێوەردانی دامەزراوە ئەمنییەتی و سەربازییەکان لە ئابووریی ئێراندا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ڕەفسەنجانییەوە دەستی پێکردووە.

بەپێی بودجەی ساڵی ١٤٠٣، بڕیارە ڕێژیم لە ڕێگەی وەرگرتنی ماڵیاتەوە، ٥٠ لەسەد زیاتر لە ئەمساڵ داهات بەدەست بهێنێت، ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەمساڵ بە بەراود لەگەڵ ساڵی ١٤٠١، ماڵیاتەکان لانیکەم بە ڕێژەی ٦١ لەسەد زیادیان کردبوو.