کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ڕەوتی سیاسیی ئێران: دەستداگرتن بەسەر خەڵاتی ساخارۆف نیشانەی ترسی ڕێژیم لە شۆڕشی ژینایە

16:18 - 7 بەفرانبار 2723

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، سەبارەت بە دەستداگرتن بەسەر خەڵاتی ساخارۆف لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کاردانەوەیان نیشان دا و ئەمەیان بە ترسی ڕێژیم لە شۆڕشی ژینا ناو برد.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە ساڵح نیکبەخت پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی کە بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی ئەمینی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف چووبووە پارلەمانی ئورووپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرانسە، لە کاتی گەڕانەوە بۆ ئێران، کەوتە بەر لێپرسینەوەی دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و پاسپۆرت و مۆبایلی ناوبراو و هەروەها لەوحی یادگاریی خەڵاتی ساخارۆفیش لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، دەستیان بەسەردا گیرا.

حکوومەتی سەرکوتکەر و جینایەتکاری ئیسلامی، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی پێشکەشکرانی خەڵاتی ساخارۆف بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ تاکوو پێش بە پێشکەشکرانی ئەم خەڵاتە بە بنەماڵەی ئەمینی بگرێت و پێشگرتن لە چوونەدەرەوەیان جارێکی دیکە نیشانی دا کە ڕێژیم لە هیچ کردەوەیەک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی مافخوازیی خەڵکانی ئێران، خۆی نابوێرێ.

دەستداگرتن بەسەر لەوحی یادگاریی خەڵاتی ساخارۆف، ئەوپەڕی دۆشداماویی ڕێژیمێکە کە بانگەشەی ئەوە دەکا کە ئەم کێشەی کۆ کردووەتەوە. ڕێژیمێک کە سەرەڕای بەکارهێنانی هەموو کەرەستەکانی سەرکوت، زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان، شەو و ڕۆژ لە ترسی دەسپێکردنەوەی خەباتی خەڵکانی ئێراندایە.

لێپرسینەوە لە ساڵح نیکبەخت، درێژەی ڕەوتی دۆسییەسازی بۆ ئەم پارێزەرە بوێرەیە کە بەرگری لە زیندانییانی سیاسیی مەحکووم بە لەسێدارەدانی لە کارنامەی کاریی خۆیدا هەیە.

ئەم دوو ڕەوتە سیاسییە لە کۆتاییدا، لێپرسینەوە لە ساڵح نیکبەخت و دەستداگرتن بەسەر لەوحی یادگاریی خەڵاتی ساخارۆفیان مەحکووم کرد و ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەی خەڵکەوە مردووە و کەلاکی بۆگەنیوی ناتوانێ پێش بە جێگیربوونی کۆماری فێدراڵ، دێموکراتیک و لائیک لە داهاتووی ئێراندا بگرێ.