کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆرێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکی تەشەنەکردنە

11:42 - 9 بەفرانبار 2723

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە یەکێک لە ژێربەشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە شێوەیەکی بەرچاو و بەخێرایی زۆرەوە خەریکە لە جیهاندا تەشەنە دەکات.

چەندین حاڵەتی تووشبوون بەم ڤایرسە کە بە GN.1 ناسراوە، لە وڵاتانی هێند، چین، بریتانیا و ئەمریکا تۆمار کراوە.

بە وتەی ڕێکخراوی تەندروستی، لە ئێستادا GN.1 ، زۆر مەترسیی بۆ سەر خەڵکی جیهان نییە، بەڵام لە وەرزی سەرمادا تووشبوون بەم حاڵەتە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

بە وتەی لێکۆڵەرانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی تاکوو ئێستا هیچ نیشانەیەک دەرنەکەوتووە کە نیشان بدات ئەم ڤایرۆسە دەتوانێ بەرگریی ئەو واکسەنانەی(پێکوتە) کە تاکوو ئێستا بەرهەم هاتوون تێک بشکێنێت.

هەروەها ڕاشیانگەیاندووە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان "GN.1"  لە جۆرەکانی پێشووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهیزتر نییە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام لەحاڵی گۆڕاندایە و زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی کە جۆری نوێ لەم ڤایرۆسە دروست بێت.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون بەم جۆرە نەخۆشییانە ڕێنمایی بە خەڵک داوە و ڕایگەیاندووە کە بە لێدانی دەمامک لە شوێنە گشتییەکان، داپۆشینی دەم و لووت لە کاتی کۆکە و پژمین، شۆردنی بەردەوامی دەستەکان بە سابوون، دووپاتکردنەوەی پێکوتەی کۆرۆنا، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی تایبەتیان هەیە، نەچوونە شوێنە گشتییەکان و مانەوە لە ماڵ لە کاتی تووشبوووندا، دەتوانێ پێش بە تەشەنەکردنی زیاتری ئەم ڤایرۆسە بگرێت.