کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر سێ ڕێکخراو و کەسێکی پێوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانەوە

12:12 - 9 بەفرانبار 2723

ئەمریکا سێ ڕێکخراو و کەسێکی بە هۆی هاوکاریی دارایی ڕێژیم بۆ میلیشیاکانی سەر بە حوسییەکانی یەمەن گەمارۆ دا.

برایان نیلسۆن، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە گەمارۆ نوێیەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر تۆڕی دارایی ڕاگواستنی پارەی ڕێژیمی ئێران بۆ حوسییەکان ڕایگەیاند، ئەم کارە نیشاندەری ئیرادەی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی ڕەوتی نایاسایی سەرچاوە داراییەکانی حوسییەکانە، کە لە هێرشەکانی خۆیان دژی کەشتیوانی نێودەوڵەتی و سەقامگیریی ناوچەکە بەردەوامن.

بەپێی ئەم گەمارۆیانە، جیا لە بلۆکەکردنی سەروەت و سامانی تاکەکەسی و شوێنەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئەمریکا، مامەڵە و بازرگانیکردن لەگەڵ خەڵکی ئەمریکاش قەدەغە دەکرێ.

لە درێژەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نیزامیی نێونەتەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سووردا، پێنتاگۆن ڕۆژی هەینی، ٨ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە تاکوو ئێستا زیاتر لە ٢٠ وڵاتی جیهان هاتوونەتە نێو هاوپەیمانییەکەوە.