کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانبوونی ٣٠ لەسەدیی نرخی ئینتێرنێت لە ئێران

13:29 - 9 بەفرانبار 2723

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا باسیان لە گرانبوونی زیاتر لە ٣٠ لەسەدیی نرخی ئینتێرنێت لە ئێراندا کرد.

ڕێکخراوی ڕێکخستنی زانیارییە ڕادیۆییەکان، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک پشتڕاستی کردەوە کە نرخی ئینتێرنێتی ئۆپێراتۆرەکانی پێوەندیکردن، ٣٠ لەسەد بەرزتر دەبێتەوە.

ئەم ڕێکخراوە زیادی کردووە کە یەکێک لە مەرجەکانی بەرزبوونەوەی ئەم نرخە، بەرزبوونەوەی خێرایی ئینتێرنێت تا شەش مانگی داهاتوویە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئێران لە بواری دەستپێڕاگەیشتن و خێرایی ئینتێرنێت، لە خراپترین وڵاتەکانی جیهانە و بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ئینتێرنێتی ئێران خراپترین دابەزینی لە هەموو جیهاندا بۆ خۆی تۆمار کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، ڕێژیم بە ناردنی کورتەنامە بۆ خەڵک، ڕایگەیاندووە کە دەتوانن بە سەردانی ناوەندەکانی خزمەتگوزاریی ئینتێرنێتی، لە ڕۆژی ١٢ی بەفرانباردا، بەستەی ئینتێرنێتی وەربگرن، بەڵام وردەکارییەکانی ئەم بەستەیە تاکوو ئێستا ڕانەگەیەندراوە. 

هەر لەم پێوەندییەدا چەند سەرچاوەیەک باسیان لەوە کردووە کە  ئۆپیراتۆری هەمراه ئەوەڵ نرخی هەر گیگ ئینتێرنێتی درێژماوەی  لە ٢ هەزار تمەنەوە بۆ ٦ هەزار تمەن بەرز کردووەتەوە کە ئەوە بەرزبوونەوەیەکی زۆر زیاتر لە ٣٠ لەسەدە.

ڕێژیم بە داخستنی زۆرێک لە ماڵپەڕ و ئەپ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەهەوڵدایە وەکوو وڵاتی چین و بۆ چاوەدێری زیاتر، ئینتێرنێتی نەتەوەیی دابمەرزێنێت.