کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە ئێران بەرزتر دەبێتەوە

13:35 - 9 بەفرانبار 2723

وڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرکۆنەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئورانیۆمی پیتێندراویان لە ئێران کردووە و داوایان لە ڕێژیم کردووە سنوورەکانی ئەم بەرهەمهێنانە بپارێزێ.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانبار لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئورانیۆمی پیتێندراو تا ٦٠٪ لە سایتەکانی نەتەنز و فۆردۆ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانس لەم بەیاننامە هاوبەشەدا هاتووە کە بەرزبوونەوەی ئەم ڕێژەیە دەریدەخات کە ئێران پێبەند بە بەڵێنە ناوکییەکانی نەبووە.

ئەم چوار وڵاتە لە بەیاننامەکەیاندا جەختیان کردووەتەوە کە بڕیارەکانی ئێران نیسان دەدەن کە ئەو وڵاتە هیچ مەیلێکی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە نییە.

بەپێی ڕاپۆرتە نوێیەکەی ئاژانس، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەرهەمهێنانی ئورانیۆمی ٦٠ لە سەدیی تا ٩ کیلۆ لە مانگدا، لە دوو سایتی نەتەنز و فۆردۆ زیاد کردووە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەپێی بەڵێنەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣، بەرهەمهێنانی ئورانیۆمی پیتێندراو تا ٣ کیلۆگرەم لە مانگدا کەم کرابووەوە.

هەواڵدەریی ڕویتێرز پێشتر لە ٢٥ی خەزەڵوەردا ڕایگەیاندبوو کە بەپێی ڕاپۆرتە نهێنییەکانی ئاژانسی وزەی ناوەکی، ئێران بۆ دروستکردنی ٣ بۆمبی ناوکی ئورانیۆمی پیتێندراوی پێویستی لەبەر دەستدایە.