ڕۆژی هەینی ٨ بەفرانبار، میدیاکانی عەرەبستان ڕایانگەیاند، لە هێرشی شەوی پێنجشەممەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی دەمێشق، ١١ فەرماندە و ئەندامی سپای تێرۆریستیی پاسداران کوژراون.
میدیاکانی سعوودیە تاکوو ئێستا ناسنامەی ئەو فەرماندە و ئەندامانەی سپای پاسدارانیان ئاشکرا نەکردووە و میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیش، هەواڵی کۆژرانی ئەم ١١ کەسەیان ڕەت کردەوە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، فەرماندەکانی سپای پاسداران و گرووپە میلیشیاکان کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکران، لە کاتی هێرشەکەدا چاوەڕێی پێشوازی لە شاندێکی پلە باڵا بوون.
سەرچاوە هەواڵگری و سەربازییەکانی سووریە ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل شەوی پێنجشەممە، هێرشی کردووەتە سەر بنکەی سەرەکیی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی کە دوای هێرشی گرووپی حەماس بۆ سەر غەززە لە ٧ ئۆکتۆبەردا، دوایین هێرشی لەم جۆرەیە.
لەم ساڵانەی دواییدا هێرشی زۆر لە دژی سپای تێرۆریستیی پاسداران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە ڕوویان داوە؛ بکەری زۆربەی هێرشەکان بە ئیسرائیل دەزانرێت بەڵام ئەم وڵاتە بە دەگمەن بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشانەی لە ئەستۆ گرتووە.