کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەفتالی بنێت: ئێمراتۆریی شەیتانیی ڕێژیمی ئێران دەبێ بڕووخێت

13:44 - 9 بەفرانبار 2723

نەفتالی بنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە ڕۆژنامەی ''واڵ ‌سترێت ‌ژۆرناڵ'' ئاشکرای کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر ڕێژیمی ئێران.

ناوبراو ڕێژێمی تارانی بە سەرچاوەی تیرۆر و نائەمنی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان لە ٤٥ ساڵی رابردوودا زانیوە و باسی لەوە کردووە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێ ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران ببنەوە.

نەفتالی بنێت، لەو ڕۆژنامەیەدا نووسیویەتی، حەماس و جیهادی ئیسلامی بە پاڵپشتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ٧ی ئۆکتۆبردا هەزار و ٢٠٠ هاووڵاتیی ئیسرائیلیان کۆمەڵکوژ کرد و لە ئەنجامدا شەڕێکی تەواو لە غەززە هەڵگیرسا.

بە وتەی بنێت حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتیی لێ دەکرێت، لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار مووشەکی بەرەو ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل ڕەوانە کردووە کە دەکرا مەترسیی کارەساتێکی گەورە لە ناوچەکەدا بهێنێتە ئاراوە.

حوسییەکانی یەمەنیش کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا، کە ئەمە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی یەکێک لە گرینگترین ڕێڕەوە ئاویییە بازرگانیییە جیهانە.

بنێت ئاماژەی بەوەش کرد کە چەکدارانی سووریە وعێراق بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هەڕەشە لە وڵاتانی عەرەبی دەکەن.

نەفتالی بنێت بە ئاماژە بەم خاڵانە ڕایگەیاندووە: گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی کە پێویستە ئێمراتۆریی شەیتانیی ڕێژیمی ئێران دەبێ بڕووخێت.