کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی ئینتێرنێت، ناڕەزایەتیی لێ کەوتووەتەوە

11:10 - 10 بەفرانبار 2723

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش بڕیاری ڕێژیم بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکانی ئینتێرنێت لە ئێران، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و ڕەخنە لەم هەوڵە نوێیەی ڕێژیم لەلایەن میدیا و ڕۆژنامە و هەندێک لە بەرپرسانەوە هاتە ئاراوە.

پێشتر هەندێک لە بەناو نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم سەبارەت بە ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵک، سەبارەت بە گرانباوونی نرخی ئینتێرنێت هۆشدراییان دابوو و باسیان لەوە کردبوو کە نرخی زۆری ئینتێرنێت و فیلتێرکران و سنووردارکردن، بێگومان ناڕەزایەتیی خەڵک بە دوای خۆیدا دێنێ.

ڕۆژنامەی فەرهیختگان لەمبارەوە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: سەرەڕای ئەوەی کە وەزارەتی پێوەندییەکان بەرزبوونەوەی نرخی ئینتێرنێتی ٣٠٪ ڕاگەیاندووە، هەندێک لە ئۆپێراتۆرەکان نرخی پاکێجەکانیان تا ١٥٠٪ گرانتر کردووە.

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیسیش، گرانیی ئینتێرنێتی بە کێشەیەکی جیددی بۆ بەشە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا زانیوە و وتوویەتی: ئینتێرنێت لە نانی شەو بۆ خەڵک پێویستترە و لە وەها بارودۆخێکدا ئەوە حکوومەتە کە دەبێت تێچووی ئۆپێراتۆرەکان قەرەبوو بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان باسیاان لە بەردەوامیی ڕەوتی گەندەڵییان لە پشتی پەردەی گرانبوونی نرخی ئینتێرنێت کردووە.

بیانووی بەرزکردنەوەی نرخی ئینتێرنێت، کێشەی ئۆپێراتۆرەکان بوو کەچی هەمراه ئەوەڵ  تەنیا لە یەکجاردا ١٨ میلیۆن یۆرۆی بە شێرکەتی پەرتۆ ئابیی ئێبتێکار نۆوین داوە، کە خاوەنەکەی حەسەن فیرووزئابادی کوڕی بەرپرسی شۆرای باڵای دنیای مەجازییە.

گرانکردنی نرخەکانی ئینتێرنێت لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ خەڵکی ئێران لەحاڵێکدایە کە، لە نێوان ١٠٠ وڵاتی جیهان بە زۆرترین داهاتی نێوخۆییەوە، ئێران لە پاش میانمار و چین دووهەم ئینتێرنێتی ئاڵۆز و سنوورداری لە جیهاندا هەیە و هەروەها لە ڕیزی ٥ وڵاتێکدایە کە خاوترین ئینتێرنێتیان لە هەموو جیهاندا هەیە.