کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە

11:17 - 10 بەفرانبار 2723

هێرشە چڕ و قورسە ئاسمانی و زەمینییەکانی ئەرتشی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی ناسیرات، بۆریج و مەغازی و هەروەها خان یوونس هەروا بەردەوامە؛ ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانبار، تانکەکانی ئیسرائیل بە پشتیوانیی سەربازانی ئەم وڵاتە، بەرەو قووڵایی ناوەند و باشووری غەززە پێشڕەوییان کرد.

وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، بە زیادبوونی ١٦٥ کوژراو و ٢٥٠ بریندار لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ژمارەی کوژراوانی شەڕی ئەم دواییەی غەززە گەیشتووەتە ٢١ هەزار و ٦٧٢ کەس و ژمارەی بریندارانیش بۆ ٥٦ هەزار و ١٦٥ کەس بەرز بووەتەوە.

بە وتەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆگاکانی چەکوچۆلی حەماس نزیک بوونەتەوە، هەروەها ئەو کۆمەڵە تونێلەیان کە بەرەو یەکێک لە ماڵەکانی یەحیا سەنوار، سەرۆکی حەماس لە شاری غەززە دەڕوات، تێک شکاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، واشنگتۆن بۆ جاری دووەم لەم مانگەدا لەسەر فرۆشتنی چەکی بەپەلە بە ئیسرائیل، سەرەڕای داواکارییە بەردەوامە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست لە غەززە ڕەزامەندی دەربڕی، ئەمریکا ٢٠ ڕۆژ لەمەوبەریش باسی لە ڕێککەوتنی خۆی بۆ فرۆشتنی ١٤هەزار گوللـەی تانکی بە ئیسرائیل کردبوو.