کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاردەی خۆکوژی کاردانەوە بە گەندەڵییە ئابوورییەکانە

12:14 - 10 بەفرانبار 2723

حوسەین ڕاغفەر ئابووریناس و ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی "ئەلزەهرا"، بەرزبوونەوەی ڕێژەی دیاردەکانی خۆکوژی، تاوانە جۆراوجۆرەکان و گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانی، کاردانەوەی کۆمەڵگە بە زۆربوونی گەندەڵییە ئابوورییەکان زانی.

حوسێن ڕاغفەر لەمبارەوە وتوویەتی: ڕق و تووڕەیی لە گەندەڵیی سیستماتیک، زۆرجار وا لە خەڵک دەکات کە کۆنتڕۆڵی خۆیان لەدەست بدەن و تەنانەت بگاتە ئەو ئاستە کە کۆتایی بە ژیانی خۆیان بێنن.

بە وتەی ئەم ئابووریناسە، گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکانی وەک دزی لە شێوەکانی دیکەی کاردانەوە و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگە لە بەرانبەر گەندەڵییە بەربڵاوە ئابوورییەکانە.

لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوییەوە هیچ ئامارێکی فەرمی سەبارەت بە ڕێژەی خۆکوژییەکان لە ئێراندا بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام لە ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی ئەمساڵدا، ڕۆژنامەی "ئێعتێماد" بە پشتبەستن بە ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن لێکۆڵەرانەوە، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی پێشگرتن لە خۆکوژی بڵاو کردەوە.

بەپێێ ئەو داتایانە کە لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوون، خۆکوژی لە کۆمەڵگەی ئێراندا، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەبووە.

بێهیوایی خەڵک لە باشتربوونی دۆخی ئابووری و گرانیی لەڕادەبەر و بەردەوام، وای کردووە کە خەڵک بۆ دەربازبوون لە کێشەکانی ژیان پەنا بۆ خۆکوژی ببەن. لەم پێوەندییەدا کاربەدەستانی رێژیم هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک نادەن و ناوەناوە، هەواڵی گەندەڵی و دزی سیستماتک و چەند میلیاردیی بەرپرسانی ڕێژیم بڵاو دەبێتەوە کە دوایین نموونەی چای دێبش بوو.